"بەرخۆدانی ژنان و زیندان مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە"

کژار بە ڕاگەیەندراوێک سەبارەت بە بەرخۆدانی ژنانی زیندانیکراوی زیندانەکانی ئێران ڕایگەیاند، زیندان قەڵای خەبات و بەرخۆدانە، قەڵایەک کە بەرخۆدان دروستدەکات و بەرخۆدان ژیان دەئافرێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار، لە بارەی بەرخۆدانی ژنانی زیندانی لە زیندانەکانی ئێران و خۆڕاگری زەینەب جەلالیان لە زیندان و چاونەکەوتنی بە بنەماڵەکەی، بێئاگایی لە بارودۆخی وریشە مورادی و گواستنەوەی پەخشان عەزیزی بۆ بەشی ژنان لە زیندانی ئەڤین ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

 

کژار لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەدا، "زیندان و خەباتی ژنان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ڕژیمی فاشیستی ئێرانی تووشی شۆک کرد، بەرخۆدانێک کە وزەی بە چالاکوانانی دیکە دەبەخشی، قەڵایەک کە هەرگیز چۆڵ نەبوو و سەرەڕای زۆری سەرکوتکردنەکانیش هاواری ئازادی تیایدا زیاتر بوو، لە ماوەی ١٠ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵی لێپرسینەوە لە تاکە ژنە خەباتکارێک کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا، واتە زەینەب جەلالیان بڵاوکرایەوە و هەموو ئەوانەی دڵیان بۆ ئازادی لێدەدا نیگەرانی خۆیان دەربڕی"

 

"بەرخۆدانی زەینەب جەلالیان بووە نمونە بۆ ژنان"

بە ئاماژەدان بە بەرخۆدانی زەینەب جەلالیان لە زینداندا، کژار ڕایگەیاند، "لە ماوەی ئەم شانزە ساڵەدا زەینەب جەلالیان سەرەڕای ئەو هەموو ئەشکەنجەیەی حکومەتی فاشیستی ئێران، هەنگاوێکیشی بۆ دواوە نەبرد، ئێستا لە زیندانی یەزد دەژی و بەدەست نەخۆشییەکانی وەکو کۆکە و هەوکردنی پێڵوی چاو، خراپی بینین، تەنگەنەفەسی، کێشەی هەرس و گورچیلەوە دەناڵێنێت و تا ئێستاش دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری پزیشکی لێ وەرنەگیراوە و بینایی چاوی زیانێکی زۆری پێگەیشتووە، بێگومان هێرش و توندوتیژی دژی زینەب جەلالیان تەنیا لەم حاڵەتانەدا سنووردار نەبووە و زۆرجار لێکۆڵەرانی وەزارەتی ڕاگەیاندن هەڕەشەی دەربڕینی پەشیمانییان لێدەکرد، بەڵام لە ماوەی ئەم شانزە ساڵەدا ئەوە خۆڕاگری و خەباتی ڕیشەیی زەینەب جەلالیان بوو کە بووە نموونە بۆ هەموو ژنە تێکۆشەرەکان، هەرچەندە ڕژێم هەموو ڕێگاکانی خۆی گرتەبەر، بەڵام نەیتوانی هیچ کام لە ئامانجەکانی بەدەستبهێنێت".

 

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ڕژێمی دژە فێمینیستی ئێران ئەو ژنە چالاکوانانەی کە باس لە ناسنامە و بوونیان دەکەن، وەک بەربەستێک لە ڕێگاکەیان دەبینێت، هاوڕێمان وریشە مورادی و ژنانی چالاکوانی دیکەی وەک گۆڵڕوخ ئیرایی، پەخشان عەزیزی و نێرگس محەمەدی بەدرێژایی ئەو ماوەیە باسیان لە ناسنامە و بوون و مافی ژنان کرد. نەبوونی هەواڵ، لێپرسینەوە بەردەوامەکان، فشارخستنە سەر بنەماڵە، سانسۆرەکان شەڕی دەروونی ڕژێمە لە دژی ژنان. لەم نێوەندەدا زیندان بووەتە ئاوێنەیەکی هەموو کۆمەڵگە، ماڵ و شار و زیندان یان شەقام بێت، قەڵاکانی بەرخۆدانن و بە یەکەوە گرێدراون و ناتوانرێت لە یەکتر جیابکرێنەوە، نە لەسێدارەدان، نە زیندانی هەتاهەتایی، نە ئەشکەنجەدان ناتوانێت وایان لێبکات ڕژێم بگاتە ئامانجەکانی، چونکە خۆڕاگری ژنان و زیندانیکردن مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بینیمان کۆمەڵگای ئازادیخواز لە سەرتاسەری ئێراندا چۆن بوو بە دەنگی زەینەب جەلالیان، وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی و ژنانی چالاکوانی دیکە".

 

کژار ئاماژە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی لەسێدارەدانی سەمیرە سەبزیان دەکات، کە ژنێکی گەنجە و ماوەی ١٠ ساڵە لە زینداندایە، دایکی دوو منداڵە و ڕژێمی دژە ژنی ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە گیانی ببات، ڕاشیگەیاند، "کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار هەمیشە پێیوابووە کە زیندان قەڵای خەبات و بەرخۆدانییە، لە ماوەی ساڵانی خەباتی کژاردا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، زۆرێک لە ژنە گیانفیداکانی گیانی خۆیان بەختکردووە. قەڵایەک کە بەرخۆدان و بەرخۆدان ژیان دروست بکات، بۆ ئازادی ژنانی چالاک و شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز خەبات دەکات و داوا لە هەموو چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی دەکات دەنگی زیندانییەکان بن".