دانیشتووانی کامپەکان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە

دانیشتووانی کامپەکان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە، ئەو ژنانەی بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانەوە ناچارکراون کۆچ بکەن و ئێستا لە کامپی نەورۆز دەژین، دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

عەبیر محەمەد

 

دێرک- لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەزاران ماڵ داگیرکراون و ناچارکراون کۆچ بکەن، تەنها لە هەرێمی جزیرە ٦ کامپی کۆچبەر هەن و تورکیا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر ناوچەی نیشتەجێ بوون و کامپەکان، ئامانجی هێرشەکان بەتایبەتی لەم دواییانەدا وێرانکردنی ژێرخانی ناوچەکەیە، ئەم هێرشانە نەک تەنها کاریگەرییان لەسەر دانیشتووانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەیە، بەڵکو کاریگەری لەسەر ئەو کۆچبەرانەش هەیە کە لە کامپەکاندا دەژین.

 

ژنان لە کامپی نەورۆز لە شاری دێرک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە هەزار و ٣٠ خێزان لەخۆدەگرێت، زۆربەیان کۆچبەری سەرێکانی، گرێ سپی، عەفرین و گوندەکانی تل تەمر بوون، باسی بارودۆخ و داواکارییەکانیان کرد.

 

"ماڵەکەمیان داگیر کرد"

سوڵتانا عەباس خەڵکی زرگانە کە چوار ساڵ لەمەوبەر بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە کۆچی کردووە بۆ کامپی نەورۆز لە دێرک، وتی: لە ماڵەکانی خۆمان ئاوارە بووین، پێشتر بارودۆخمان باش بوو، بەڵام ئێستا بارودۆخەکەمان زۆر خراپە، من و ۹ ئەندامی خێزانەکەم لە کامپەکەدا دەژین، تەنها یەک چادرمان هەیە، ئەم چادرە دەتوانێت چی بۆ من بکات؟ لە ماڵ و شاری خۆماندا بە شکۆمەندییەوە دەژیاین، دوای ئەوەی ماڵەکانمان داگیر کرا، هیچمان نەما.

 

سوڵتانا عەباس ئاماژەی بەوەکرد، هەموو شەوێک خەو بە سیناریۆکانی جەنگ و ترس لە دووبارەبوونەوەی کۆچ دەبینێت و وتی: لەگەڵ منداڵەکانمان ناتوانین بە ئاسوودەیی بخەوین، ئاسایشمان دەوێت، لە جەنگ ماندوو بووین، ڕەوشی ئابووری و گرانی شتەکان بارگرانی بۆمان دروستکردووە.

 

"هێرشەکانی دژمان نامرۆڤانەیە"

خانم گور خەڵکی سەرێکانییە و لە ٢٠١٩ەوە شارەکەی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە داگیر کراوە، لەگەڵ خێزانەکەیدا کۆچی کردووە بۆ چەندین شوێن، بەم دواییانە لە کامپی نەورۆز لە دێرک نیشتەجێ بوون، وتی: ماڵەکانمان بەهۆی دەوڵەتی تورکیا و هاوپەیمانەکانییەوە جێهێشتووە، نازانین ئەردۆغان چی لێمان دەوێت؟ کردەوەکانی دژ بە ئێمە نامرۆڤانەیە، هەمیشە ڕووبەڕووی شەڕ دەبینەوە، تورکیا دەیەوێت ڕێگەی زیاتر بۆ کۆچ بکاتەوەو گەلەکەمان لەناو ببات.

 

خانم گور ئاماژەی بەوەشکرد، وێرانکردنی ژێرخانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بارودۆخی ئەوان لە کامپەکاندا خراپتر دەکات و وتی: تورکیا ئێستا ژێرخانی ناوچەکە وێران دەکات، دەیان سەرچاوە کە پێویستی ژیانن لەناوچوون، چۆن بژین ئەگەر نەوت نەبێت؟ لە هاویندا خەڵک لە گەرمای ژێر ئەم چادرانە دەتوێنەوە و لە زستاندا لە سەرما ڕەق دەبینەوە.