"ملیۆنان ژن و منداڵ لە ئەفغانستان بێبەشن لە پێداویستییە سەرەتاییەکان

نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی ڕایگەیاند کە ملیۆنان ژن و منداڵ لە ئەفغانستان بێبەشن لە دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

٤ی ئەیلول، نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی هاوکارییە مرۆییەکان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ڕایگەیاند کە یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار ژن و منداڵ لە ئەفغانستان بێبەشن لە دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکان بەهۆی نەبوونی ئابوورییەوە،

 

بەگوێرەی ئاماری نووسینگەکە، لە ماوەی ئەمساڵدا ٦.٣ ملیۆن کەس لە ئەفغانستان دەستیان بە ئاوی پاک و خاوێن نەگەیشتووە، ٤.٣ ملیۆن کەس دەستیان بە فڕێدانی پاشماوەی سەلامەت و تەندروستی نییە، هەروەها ٣.٥ ملیۆن کەس لە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بێبەش کراون.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، دوو ملیۆن کەس لە دەستڕاگەیشتن بە کەرەستەی تەندروستی بێبەش دەکرێن، یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار ژن و ٣.٤ ملیۆن منداڵ و نزیکەی یەک ملیۆن کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت، ڕووبەڕووی ئاڵنگاری جددی دەبنەوە لە بواری دەستڕاگەیشتن بە کەرەستەی تەندروستی.

 

بەپێی ڕاگەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم ڕێکخراوە بەهۆی کەمی سەرچاوەی داراییەوە ژمارەی ئەو کەسانەی کە هاوکارییە مرۆییەکانی دەیانگرێتەوە لە ١٣ ملیۆن کەسەوە بۆ پێنج ملیۆن کەس لەمساڵدا کەمکردووەتەوە.