لە نێوان فێڵ و دابونەریتدا... ژنان لە مافی میرات بێبەش دەکرێن

هێشتا چەندین ئاڵنگاری بەردەم ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافی میراتیان لە ئیدلب بوونی هەیە، کە لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرهەڵدەدەن و پێچەوانەی شەریعەت و یاسان، ئامانجیشیان لاوازکردن و دەستبەسەرداگرتنی مافەکان ژنانە.

لینا خەتیب

 

ئیدلب- زۆرێک لە باوک و کوڕانی ئیدلب، ژنان فریو دەدەن تا لە مافی میرات بێبەشیان بکەن و دەستبەرداری مافە یاسایی و شەرعییەکانی خۆیان بن لە موڵک و ماڵدا، ئەمەش دەبێتە هۆی ناکۆکی و دوورکەوتنەوە و ڕق و کینە لە نێوان ئەندامانی یەک خێزاندا، هەروەها هەندێک خێزان ڕێگری لە هاوسەرگیری کچەکانیان دەکەن، پێش ئەوەی دەستبەرداری مافی میرات نەبن.

 

سەنا جانودیی ٢٣ ساڵ، خەڵکی شاری ئیدلبە و بە ناچاری دەستبەرداری مافی میراتی باوکی بووە، بەرامبەر هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کەسەی کە هەڵیبژاردووە، سەرەڕای ئەو نادادپەروەرییانەی کە لەلایەن براکانیەوە بەسەریدا سەپێنراوە، بەڵام نایەوێت سکاڵا تۆمار بکات تا خێزانەکەی لەدەست نەدات.

 

سەنا ئاماژەی بەوەکرد، دوای مردنی باوکم ئەو گەنجەی هەڵمبژاردووە، پێشنیاری هاوسەرگیری کرد، بەڵام براکانم چەند جارێک داواکاریەکەیان ڕەتکردەوە بە بیانووی ئەوەی لە ڕووی ڕەچەڵەک و ئاستی کۆمەڵایەتییەوە لەگەڵ خێزانەکەم نایەتەوە، کاتێک داوای هاوسەرگیریم کرد، منیان خستە پێش دوو بژاردە، یان ڕێگریم لێبکەن لە هاوسەرگیری یان دەستبەرداری مافی میراتم بم لە بەرامبەر ڕازیبوونیان بە هاوسەرگیریم، ئەمەش بە بیانووی ئەوەی کە نایانەوێت کەسێکی نامۆ بخەنە ناو خێزانەکەوە بۆ ئەوەی زەوی و خانووبەرەکانیان لەگەڵیان دابەش بکەن، کە بە درێژایی ژیانیان زۆر ماندووبوون بۆ کۆکردنەوەی.

 

سەنا خستیەڕوو، کە براکانی بەردەوامن لە چەوساندنەوەی بە دەستبەسەرداگرتنی مافی میراتی باوکی و بێبەشکردنی لە سەرچاوەیەکی دارایی کە یارمەتی باشترکردنی ژیانی و گەیشتن بە سەربەخۆیی بدات.

 

لەپێناو پاراستنی میراتدا ژنانی گەنج ناچار بە هاوسەرگیری دەکەن

نەوال عەباس، تەمەن ٢٠ ساڵە و خەڵکی شارۆچکەی کیللی باکووری ئیدلبە، بەپێچەوانەی ویستی خۆیەوە ناچاربوو هاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزاکەی بکات، ئەمەش بەهۆی خواستی خێزانەکەی بۆ ئەوەی میراتەکەی نەدرێتە کەسێکی دەرەوەی خێزانەکەی، دەشڵێت: دوای سەرکەوتنم لە قۆناغی ئامادەییدا، براکانم ناچاریان کردم خوێندنەکەم بەجێبهێڵم بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزاکەم بکەم، من ڕەتم کردەوە هاوسەرگیری لەگەڵ بکەم، چونکە وەکو برایەک وابوو بۆم، بەڵام هەمووان بەرامبەرم وەستانەوە و ناچاریان کردم بە هاوسەرگیری لەگەڵیدا.

 

نەوال باسی لەوەکرد، دواتر زانیویەتی ئەو هاوسەرگیرییە بۆ پاراستنی میراتی باوکی ئەنجامدراوە و نەکا میراتییەکە بۆ کەسێکی دیکەی دەرەوەی خێزانەکە بچێت.

 

حەنان شێخ ٣٤ ساڵە و خەڵکی شاری حارمە، ژیانی لەگەڵ هاوژینەکەیدا باشە، بەڵام دوای ئەوەی مافی میراتی بەردەکەوێت، براکانی ناچاری دەکەن لە هاوژینەکەی جیاببێتەوە، چونکە وایان دەزانی هاوژینەکی هانی دەدات میرات وەربگرێت، وتیشی: هاوژینەکەم نەخۆشی دڵی هەیە و بێکارە، منیش دایکی دوو منداڵم، بۆیە بڕیارمدا مافەکانم لەو موڵکە وەربگرم کە باوکم بەجێی هێشتووە، بە ئامانجی باشترکردنی بارودۆخی ژیانمان، بەڵام کاردانەوەی سێ براکەم سەرسوڕهێنەر بوو، کاتێک هێرشیان کردە سەر ماڵەکەم و چەکیان ئاراستە کردم و ناچاریان کردم لەگەڵیاندا بڕۆمەوە، داوای جیابوونەوە لە هاوژینەکەم و وازهێنانیان لە منداڵەکانمیان کرد.

 

ڕەوان عەتومی ٣٦ ساڵ خەڵکی شاری ئیدلبە، باسی لە زەوتکردنی مافی میراتکردنی ژنانی کرد و وتی: دابونەریتی کۆمەڵایەتی بەربڵاو لە ئیدلب ڕێگری لە ژنان دەکات کە میرات وەربگرن، بە بیانووی ئەوەی پێویستیان پێی نییە، یان لەبەر ئەوەی بۆ هاوژین و منداڵەکانیان بەبێ میراتگر خەرج دەکەن و هەندێکیان فشار دەخەنە سەر ژنێک، کە دەبێت دەستبەرداری پشکی خۆی لە میراتەکە بێت لە بەرژەوەندی براکانی، بە بیانووی ئەوەی زیاتر شایەنی ئەوەن چونکە پشتگیری خێزانەکان دەکەن، هەندێکیان سوود لە نەزانینی ژنەکە لە مافی میرات یان نەبوونی هۆشیاری یاسایی وەردەگرن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی فێڵ، ساختە یان هەڕەشەوە پشکی ژنان لە میراتەکە بێبەش بکەن.

 

جەختی لەوە کردەوە کە ژنان زاڵبوونی برایان بەسەریاندا ڕەت بکەنەوە، هەروەها ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیریان لەگەڵیاندا بە هۆکاری پەیوەست بە میرات یان کەسانی دیکە.