گۆڕانی کەشوهەوا زیان بە زیاتر لە ١٠ هەزار خێزان لە یەمەن دەگەیەنێت

ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی دەکاتەوە، لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ١٠ هەزار خێزان لە یەمەن زیانیان بەرکەوتووە و زۆربەیان ئاوارە بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپۆرتێکی سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان- UNFPAڕایگەیاند، بەهۆی بارودۆخی سەختی کەشوهەوا لە سەرانسەری یەمەن لە ماوەی نێوان مانگی کانوونی دووەم و حوزەیرانی ئەمساڵدا، زیاتر لە ١٠ هەزار خێزان، واتە نزیکەی ٧٣ هەزار و ٣١٨ کەس ڕووبەڕووی دۆخی سەختی ژیان و ئاوارەبوون بوونەتەوە، هەروەها پشتڕاستی کردەوە کە زۆرینەی ئەو خێزانانەی بەهۆی باران و لافاوەکانی یەمەنەوە زیانیان بەرکەوتووە، گەیشتن پێیان ئەستەمە، چونکە لەو ناوچانەدان

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، زۆربەی ئەو خێزانانەی زیانیان بەرکەوتووە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، لە ناوچەگەلێکدان کە گەیشتنیان بە هاوکاری سەختە و ڕووبەڕووی ئاوارەبوون دەبنەوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، گروپی میکانیزمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا کاریان کردووە بۆ جێگیرکردنی تیمەکانی فریاگوزاری، بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکانی خانووبەرە و پەناگە لە هەموو ئەو قەزایانەی بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە، لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی ڕاستەوخۆ لە هەر ١٨ پارێزگاکەی یەمەن.