چەتە داعشییە کەنەدییەکان دەگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتەکەیان

شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ١٤ چەتەی داعش کە کەنەدین و لە ١٠ منداڵ و ٤ ژن پێکدێن، دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەی.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی هەواڵێکی سکای نیوز، هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە ئەمڕۆ ١٤ چەتەی داعش کە هاوڵاتی کەنەدین و لە ١٠ منداڵ و ٤ ژن پێکدێن، ڕادەستی شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات، کە چەتەکان لە کامپی هۆل و ڕۆژ لە پارێزگای حەسەکە دەمانەوە.

 

لەو کامپانەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە چەتەکانی داعشی تیادا نیشتەجێن، ٣٦ ژنی کەنەدی و ١٥ منداڵ هەن، ٤ چەتەی کەنەدی دیکە لەلایەن قەسەدەوە دەستگیر کراون کەنەدی کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەستگیرکراون.

 

هەر لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ڕۆژی ٥ی تەمموز شاندەکەی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا، بە سەرۆکایەتی سێباستیان بیۆلیۆ، ئەفسەری باڵای ئەمنی و بەڕێوەبەری بەشی ئۆپەراسیۆنە فریاگوزاریەکان لە وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا، لە هەرێمی کوردستانەوە چوونە خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

 

شاندەکە کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ نوێنەرانی خۆبەڕێوەبەری ئەنجامدا، بە ئامادەبوونی ڕوبێل باهۆ، جێگری بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە، خالید ئیبراهیم پارێزەر و ئەندامی دەستەی کارگێڕی، لانە حسێن، ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە.

 

بە وتەی بەرپرسانی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا هەزار منداڵ و ٤٠٠ ژن لە بنەماڵەکانی داعش گەڕاونەتەوە وڵاتەکانی خۆیان، نزیکەی ٦٠ هەزار کەس لە زیاتر لە ٥٥ نەتەوەی جیاوازەوە لە کامپی هۆل و ڕۆژ نیشتەجێن کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.

 

هەروەها بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری لە ساڵی ٢٠١٨ تا مانگی نیسانی ڕابردوو نزیکەی ٣٠ وڵات ٤٠٠ ژن و هەزار منداڵیان گەڕاندووەتەوە.