٪٧٠ی خەڵکی سووریا پێویستیان بە یارمەتی هەیە

نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) ڕایگەیاند کە ٪٧٠ی خەڵکی سووریا پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (OCHA) لە نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) ڕایگەیاند، ٪٧٠ی خەڵکی سووریا پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، لەپێناو درێژەدان بە هاوکارییەکانی دەرەوەی سنور بۆ سووریا، پێویستە میکانیزمی یارمەتییەکانی دەرەوەی سنوری نەتەوە یەکگرتووەکان درێژ بکرێتەوە.

 

گەیر پیدەرسن، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، لە میانی دانیشتنەکەدا وڵاتانی ئەندامی ئاگادار کردەوە و باسیان لە دۆخی مرۆیی سووریا کرد، ئاماژەی بەوەدا، یەکێک لە خاڵە گرنگەکان کە پێویستە گرنگی پێبدرێت، گەڕانەوەی ئەو کەسانەیە کە ئاوارە بوون، وتی: ئێمە پشتگیری لەو شێوازە دەکەین کە پەنابەران بە شێوەیەکی سەلامەت و شکۆمەندانە و خۆبەخشانە بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.

 

سوورییەکان هیوای گەڕانەوەیان هەیە

ئەو نوێنەرە تایبەتە ئاماژەی بەوەدا، کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هەفتەیەک لەمەوبەر لە ئەنجامی ڕاپرسییەکدا، کە لەگەڵ پەنابەرانی ئوردن و لوبنان و عێراق و میسر ئامادەی کردووە، وتی: هیوای زۆرینەی پەنابەرانی سووریا گەڕانەوەیە بۆ وڵاتەکەیان، بەشێکی زۆریان دەیانەوێت لە ماوەی ٥ ساڵی داهاتوودا بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، هەروەها دوو هۆکاری سەرەکی هەن کە ڕێگری دەکەن لە گەڕانەوەی پەنابەران بۆ وڵاتەکانیان، ئەوانیش کەمی داهات و کێشەی ئەمنییە، لەو پێناوەشدا پێویستە جارێکی تر مەرجی ئەمنی دابنرێتەوە.