ژنانی ئێزدی: بەو هێرشانە ناتوانن هێز و ویستی ئێمە تێکبشکێنن
ژنانی ئێزدی بەرامبەر هێرشەکانی داعش کە ڵە ساڵی ٢٠١٤ بە بەرخۆدان و تێکۆشانی خۆیان تۆڵەی فەرمانی ٧٤یان کردەوە، کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال نیشاندا و دەڵێن: با بزانن! ناتوانن هێز و ویستی ئێمە تێکبشکێنن.
ئەمیرە زۆزان
شەنگال- لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال و هەزاران کەسیان لە کۆمەڵگەی ئێزیدی کوشت و ٧ هەزار ژنیان ڕفاند، دوای ئەو کۆمەڵکوژییە کە لەناو ئیزدییەکاندا بە فەرمانی ٧٤ ناسراوە، لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥، بە بەرخۆدانی شەڕڤانانی هەپەگە، یەکینەکانی پاراستنی شەنگال، یەکینەکانی ژنانی شەنگال و کۆمەڵگەی ئێزدی شەنگال لە دەستی داعش ڕزگارکرا، لە ماوەی خەباتی کۆمەڵگەی ئێزدیدا، شەنگال سیستمێکی تایبەتی خۆی دامەزراند لەسەر بنەمای ب خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال و ژنانی ئێزدی بە بونیادنانی سیستم خۆبەڕێوەبەری خۆیان لەژێر چەتری تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی تۆڵەی هەموو ئەو فەرمانانەیان کردەوە کە لەسەریان کراوە.
سەرەڕای خەباتی ژنانی ئێزدی دژی داعش کە بەقوربانی دان پێکهات، داعش لە بەرامبەر ئیرادەی ژنانی ئێزدی شکستیهێنا، دەوڵەتی تورکیا لە تۆڵەی شکستهێنانی داعش لە ساڵی ٢٠١٧ەوە هێرش دەکاتە سەر شەنگال و لەو هێرشانەدا ژمارەیەکی زۆر لە پێشەنگەکانی کۆمەڵگە کرانە ئامانج و گیانیان لەدەستدا. لەم دواییانەدا بە چەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ماڵێک لە شارۆچکەی خانەسۆر لە شەنگال، لە هێرشەکەدا، کە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە، ئەو ماڵەی کرایە ئامانج و ئەوانەی دەوروبەری بە سەختی زیانیان بەرکەوت، ژنانی ئێزدی هەڵوێستی خۆیان لە دژی هێرشەکان دەربڕی و ئاماژەیان بەوە کرد، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ڕێگری لە گەڕانەوەی خەڵک بۆ شەنگال بکات و وتیان: بەو هێرشانە ناتوانن هێز و ویستی ئێمە تێکبشکێنن.
"ڕێگە بە ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم نادەین"
ئەمیرە خەڵەف، ئەندامی بزووتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزیدی-تاژێ تیشکی خستەسەر ڕێککەوتنی ۹٩ی تشرینی یەکەمی نێوان دەوڵەتی تورکیا و عێراق و پەدەکە دژی خواستی کۆمەڵگەی ئێزدی و ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکانی سەر شەنگال پەیوەندییان بەو ڕێککەوتنەوە هەیە و وتی: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەگەڵ پەدەکەو دوژمنانی گەلی کورد کار دەکات و حکومەتی عێراقیش ڕێککەوتنێکی دژی ئێمە واژۆ کردووە، ئەم هێرشانە ئەنجامی ئەو ڕێککەوتنەیە، هەرچی دەکەن، ئێمە دەستبەرداری شەنگال نین، وەک ژنانی شەنگال هەرگیز دەستبەرداری خەباتمان نابین.
"هێرشەکە نیشانەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانیانە"
ئەمیرە خەڵەف تیشکی خستەسەر کۆبوونەوەکانی نێوان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و میر تەحسین و شاندەکەی کە دوای هەڵوەشاندنەوەی گەیشتنیان بۆ شەنگال ئەنجامدران، وتی: ئەم هێرشە ئەوە نیشان دەدات کە لە کۆبوونەوەکاندا باسی چی کراوە، چونکە هەموومان دەزانین ئەگەر حکومەتی عێراق ڕێگە نەدات دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت خاکی عێراق بۆردومان بکات، لەبەر ئەوە هەموومان دەزانین کە چاوی دوژمنەکەمان لەسەر شەنگالە، هەموو کەسێک دەیەوێت شەنگال بۆ خۆی ببات، بەڵام شەنگال هی ئێمەیەو خاکەکەمان بۆ کەس جێناهێڵین، دەیانەوێت ئێمە بترسێنن، بەڵام ناتوانن.
"وەڵام گەڕانەوەی شەنگالە"
ئەمیرە خەڵەف ئاشکرایکرد کە ئەم هێرشە بۆ ترساندنی کۆمەڵگەی ئێزیدیە، ڕاستترین وەڵام بۆ ئەو هێرشانە گەڕانەوەیە بۆ شەنگال و بەم شیوەیە داوای لە کۆمەڵگەی ئێزیدی کرد: کاتێک گەڕانەوە بۆ شەنگال زیاد دەکات، دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر شەنگال، بۆ ئەوەی هیچ گەڕانەوەیەک نەبێت، لەبەرئەوە داوا لە کۆمەڵگەی ئێزدیمان دەکەین بگەڕێنەوە سەر خاکەکەمان چونکە ئەگەر بگەڕێینەوە شەنگال تێکۆشانی خۆمان زیاتر دەکەین.
"عێراق بەرپرسیارە لە هێرشەکان"
وەسا ڕەشۆ، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی ئاماژەی بەوەکرد حکومەتی عێراق ڕاستەوخۆ بەرپرسیارە لەو هێرشانە و وتی: حکومەتی عێراق ئەرکی پاراستنی خەڵکە، بەڵام حکومەتی عێراق هەرگیز ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکردووە، بە پێچەوانەوە، ڕێگەی بە دەوڵەتی تورکیا داوە بۆ هێرشکردنە سەر شەنگال و ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا بەبێ ترس هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵەکانی گەل و ماڵ و منداڵی خەڵک و دایکان و زۆرێک لە ئێمە. ئێمە ئەو هێرش و پلانانە ئیدانە دەکەین، داوا لە گەلەکەمان دەکەین چۆن بە گەڕانەوە وەڵامیان هەبوو جارێکی دیکە بە گەڕانەوە وەڵامی دوژمن بدەنەوە.