بەهۆی گەمارۆوە ژیانی هەزاران کەس لە مەترسیدایە

ئارین عەلی، ئەندامی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاڤرین عەفرین-شەهبا ئاماژە بەوەدەکات، ئەگەر گەمارۆکانی حکومەتی شام بەردەوام بێت، دۆخی نەخۆشخانەکە قورستر دەبێت.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە ساڵی ٢٠١٨دا دوای ٥٣ ڕۆژ لە هێرش عەفرینیان داگیرکرد، نزیکەی ٣٠٠ هەزار عەفرینی بەهۆی هێرش و داگیرکاری دەوڵەتی تورکیاوە ناچارکراون کۆچ بکەن، خەڵکی عەفرین کە کۆچیان کردووە بۆ شەهبا سەرەڕای هێرشەکانی ڕۆژانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ئەوان، بەهۆی گەمارۆکانی حکومەتی شامەوە لە ئابی ٢٠٢٢ ەوە کە ماوەی ٩ مانگە بەردەوامە، ڕووبەڕووی چەندین کێشە بوونەتەوە.

 

حکومەتی شام ڕێگه نادات پێداویستییه تەندروستییەکان تێپەڕبن

بەدرێژایی پێنج ساڵی کۆچی خەڵکی عەفرین و نیشتەجێبوونیان لە کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، نەخۆشخانەی ئاڤرین خزمەتی خەڵکەکەی کردووە و پێداویستییە تەندروستییەکانیان بەبێ پچران دابین کردووە، بەهۆی گەمارۆکانی حکومەتی شام و بۆ سەر ناوچەکە، کارەکانی نەخۆشخانەی ئاڤرین لە شەهبا ڕاگیراوە، حکومەتی شام لە خاڵەکانی پشکنیندا ڕێگە نادات پیداویستییەکانی ژیان و تەندروستی بچێتە ناوچەکە.

 

دەربارەی گەمارۆی سەر ناوچەکەو کاریگەرییەکانی لەسەر کاری نەخۆشخانە، ئارین عەلی، ئەندامی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاڤرین، ئاماژەی بەوەکرد بارودۆخەکە مەترسیدارەو داوای هەستیاری کرد بۆ هەموو لایەک.

 

لەگەڵ گەمارۆدان، کێشەکانی ژیان لە زیادبووندایە

لە سەرەتای قسەکانیدا ئارین عەلی تیشکی خستەسەر کۆچی خەڵکی عەفرین و ئەو سەختییانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە لە بواری کۆچدا و وتی: پێنج ساڵ بەسەر کۆچی خەڵکی عەفریندا تێپەڕی. کۆچکردن کێشەی زۆری لەگەڵ خۆیدا دروست کرد، بەتەنها ئەو کیشەیە نییەو حکومەتی شامیش گەمارۆی خستووەتە سەر هەرێمەکە، ئەمەش قورساییەکانی ژیان زەحمەتتر دەکات، لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا، خەڵک ڕووبەڕووی کێشەی ژیان بوونەتەوە، بەڵام جارێکی دیکە دەستبەرداری بەرگری خۆیان نەبوون، هەتا پێداویستییەکانی ژیان دێنە ناوچەکە لە خاڵەکانی پشکنینی حکومەتی شام ئاستەنگ دەکرێن و بازرگانان نرخێکی زۆریان دەوێت، ئەمەش نرخی کاڵاکان زیاد دەکات.

 

لەگەڵ بەردەوامبوونی گەمارۆکە، دەرگای نەخۆشخانە دادەخرێت

ئارین عەلی ئاماژەی بەوەکرد بە چڕکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ناوچەکە  بواری تەندروستی لە مەترسیدایەو وتی: بەهۆی گەمارۆکانی حکومەتی شام بۆ سەر ناوچەکە، لەم دواییانەدا بواری تەندروستی زیانی زۆری بەرکەوتووە نەخۆشخانەی ئاڤرینر کێشەی دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکانی هەیە، نەخۆشخانەکە ڕۆژانە پێشوازی لە سەدان کەس دەکات و چارەسەریان بۆدەکات، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی گەمارۆکان و بەردەوامبوونی لە داهاتوویەکی نزیکدا، هەندێک بەشی نەخۆشخانەکە ڕادەگیرێت، لە کاتێکدا ڕێژەی دەرمان لە نەخۆشخانەکە لە ٨٠% زیاتر بەردەست نییە، نەخۆشەکان بەبێ دەرمان نەخۆشخانەکە جێدەهێڵن، هەروەها نەگواستنەوەی سوتەمەنی بۆ ناوچەکە کاریگەری نەرێنی لەسەر نەخۆشخانەکە هەیە، ئەگەر گەمارۆکە بەردەوام بێت، کارەساتێکی مرۆیی دروست دەبێت.

 

گەمارۆ ژیانی دەیان هەزار کەس دەخاتە مەترسییەوە

ئارین عەلی ئاماژەی بەوەکرد، گەمارۆکە کاریگەری لەسەر ڕێگای ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی نێوان شەهبا و حەلەب هەیە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشەکان لە دۆخێکی سەختدا ئازار بچێژن و وتی: ئەم گەمارۆیەی ئێستا کاریگەری لەسەر ڕێگای ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی نێوان شەهبا و حەلەبیش هەیە، کە نەخۆشەکان ناتوانن بەخێرایی بپەڕنەوە بۆ حەلەب بۆ چارەسەرکردنی خۆیان، ئەمەش کێشە دروست دەکات و ئەگەر بارودۆخەکە بەردەوام بێت ئەوا ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشەکان گیانیان لە دەست دەدەن، گەمارۆ ژیانی دەیان هەزار کەس دەخاتە مەترسییەوە، لە لایەکی ترەوە، هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە بەردەوامە، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بکەونە ناو تەڤگەرو بە خێرایی کۆتایی بە گەمارۆی سەر هاوڵاتیان بهێنن.