ئەمەل جەلال: کاردەکەین لە پڕۆژە گەشتیاریەكاندا ڕەچاوی ژینگەپارێزی بكرێت

ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەکرد، كاردەكەن بۆ ئەوەی لە پڕۆژە گەشتیارییەكاندا ڕەچاوی ژینگەپارێزی بكرێت و ئەو كەلوپەلانە بەكاربهێندرێن كە دۆستی ژینگەن.

ناوەندی هەواڵ


ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا بەبۆنەی ١٦ی نیسان، ڕۆژی ژینگەی هەرێمی كوردستان، سوپاسی هەموو ئەو لایەن و ڕێكخراو و كەسایەتیانەی کرد كە ماندوونەناسانە هەوڵی هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان و بڵاوكردنەوەی كولتووری ژینگە پارێزی دەدەن.


ئاماژەی بەوەشکرد، گەشتوگوزارو ژینگە دوانەی لێك دانەبڕاون و بەرەوپێشچوونی هەریەكێكیان وابەستەیە بە بارودۆخی ئەوەی تریانەوە، لەم سۆنگەیەوە دەستەی گەشتوگوزار ئامادەی هەماهەنگی تەواو و كاری هاوبەشە هەروەها لەچوارچێوەی پلانی ٨ ساڵەی گەشتوگوزاردا، گەشتوگوزاری ژینگەیی  وەك یەكێك لەجۆرەكانی گەشتوزار گرنگی تەواوی پێدراوە.


ئەمەل جەلال ڕاشیگەیاند، دەستەی گەشتوگوزار كاردەكات بۆئەوەی لە پڕۆژە گەشتیاریەكاندا رەچاوی ژینگەپارێزی بكرێت و ئەو كەلوپەلانە بەكاربهێندرێن كە دۆستی ژینگەن، پاككردنەوەی شوێنە گەشتیارییەكان ئەركی هەمووانەو داوا لە بنكە گەشتیارییەكان و گەشتیارانیش دەكەن ببن بە بەشێك لە پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان.