"پارتی چەپی سەوز دەبێتە دەنگی ئێمە"

ژنانی ئامەد، کە خەبات بۆ هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری تورکیا دەکەن، ڕایانگەیاند، لە هەڵبژاردنەکاندا پشتیوانی پارتی چەپی سەوز دەکەن، "با پێکەوە بە حکومەتی دژە ژنان بڵێین ڕاوەستە".

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- لە تورکیا ١٤ی ئایار هەڵبژاردنێکی مێژوویی بەڕێوەدەچێت، لایەنە سیاسییەکان بانگەشەی هەڵبکاردنیان چڕ کردووەتەوە، پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە کە لەبەردەم هەڕەشەی داخستندایە، لەناو لیستی پارتی چەپی سەوز بەشداری هەڵبژاردن دەکات، پارتەکە لە زۆر ناوچە نوسینگەی هەڵبژاردنی کردەوە و لەناویدا نوسینگەی تایبەت بە ژنان هەیە و ژنان تێیدا کۆدەبنەوە و پەیامی خۆیان بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردن و وەستاندنی حکومەتی دژە ژن دووپات دەکەنەوە، داوایان لە هەموو ئەو کەسانەش کرد کە خوازیاری دیموکراسی و یاسان، دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن.

 

"پێویستە بەو حکومەتە بڵێین بوەستە کە دوژمنایەتی ژنان دەکات"

زولفیە کشمیر بۆ پشتیوانی ژنان بانگەشە دەکات و دەڵێت: ئێمەی ژنانی کورد لەم هەڵبژاردنەدا بە تایبەتی پشتیوانی پارتی چەپی سەوز دەکەین لە دژی حکومەتی ئێستا، بۆچی پارتی چەپی سەوز؟ چونکە ئەو پارتەیە کە ماف و دادپەروەری ژنان دەپارێزێت، هەربۆیە پشتگیری دەکەین، ئەم حکومەتە دەبێت ئێستا بڕوات، چونکە لەسەر دوژمنایەتی ژن و کۆمەڵگە خۆی دروستکردووە، دەبێت بڵێین 'بەسە'، دەبێت کۆمەڵگە و ژنان و گەنجان هەناسە بدەن، بۆ ئەمەش پێویستە هەموو ژنان، هەموو لایەنگرانی دادپەروەری و یاسا، پشتیوانی پارتی چەپی سەوز بکەن و بەشدار بن لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و خەبات بۆ ئایندەی کۆمەڵگە.

 

"با تێکۆشان بۆ ئازادی و دادپەروەری بکەین"

هایریە فیلیز ئاماژەی بەوەدا، سەرکەوتن پەیوەستە بە یەکڕیزییەوە و گەورەترین بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەر شانی ژنان، وتیشی: ئێمە دەنگ بە خۆمان دەدەین، پشتگیری پارتی چەپی سەوز بۆ ئاشتی و دیموکراسی و دادپەروەری دەکەم، با ئێستا ئەم مردن و ئازارە بوەستێت، ئێمەی دایکان ساڵانێکە خەبات دەکەین بۆ ئاشتی، قەیران هەیە و بەهۆی ئەم شەڕەوە ئابووری شکستی هێناوە، پێویستە ئێمە ببین بە یەک و ئەم دیکتاتۆرییە لەناو ببەین، ڕۆژانە سوکایەتی بە ژنان دەکرێت و سەرۆک کۆمار هەموو شتێک دەڵێت، داوا لە هەموو دایکان و گەنجانی کورد دەکەم بۆ ئازادی دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن، دەبێت سەرکەوین، ئەمڕۆ نوسینگەیەک دەکەینەوە پۆلیس لە ئێمە زیاتر دێت، با ئەو کوردانەی ئاسیمیلە بوون، بگەڕێنەوە سەر ڕەگ و ڕیشەی خۆیان و یەکبگرین و سەربکەوین.

 

"پارتی چەپی سەوز دەبێتە دەنگی ئێمە"

ئایلەم یاڤوز جەختیکردەوە، لەپێناو گۆڕانکاری دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و وتی: دەنگ بە پارتی چەپی سەوز دەدەین، وەک دایک و ژنێک ژیان لەم وڵاتە زۆر سەختە، ئێمەی ژنان دەمانەوێت هەندێک شت بگۆڕدرێن و چارەنووسی خۆمان دیاریبکەین، یەکڕیزیمان دەوێت، ژیانمان چارەنووس نییە و دەیگۆڕین، ئێمە دەچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ ئەوەی بڵێین ئێمە بوونمان هەیە، لە پەرلەماندا بوونمان هەیە، قبوڵ ناکەین کە ژنان هەمیشە لە پلەی دووەمدا بن، دەنگی ئێمە بۆ پارتی چەپی سەوزە کە یەکێتی و دادپەروەری دەپارێزێت. ئەم پرۆسەیە نابێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ڕۆژانە ژن و کورد دەکوژرێن و پێویستە هەمووان تێکۆشان بکەین بۆ یەکڕیزی و ئاشتی، ئێمە خەبات دەکەین و بە دەنگی خۆمان لە پەرلەمان بە بەهێزترین شێوە هاوار دەکەین، پارتی چەپی سەوز دەبێتە دەنگی ئێمە.