ژینا مودەریس گورج بۆ جاری دووەم دەستگیر کرا

ژینا مودەریس گورج، ڕۆژنامەنووسی چالاکوان، بۆ جاری دووەم بە بیانووی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان کە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ئێران دەستیپێکرد، دەستبەسەر کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ژینا مودەریس گورج، ڕۆژنامەنووسی چالاکوان، کە لە ڕۆژی چوارەمی ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئێرانەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی سنە کرابوو، پاش زیندانیکردنی بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا، دوای ئازادکردنیشی چەندین جار لەلایەن هەواڵگرییەوە هەڕەشەی لێکرا کە بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا نەکات.

 

ڕاگەیەندرا ژینا مودەریس گورج، ڕۆژنامەنووسی چالاکوان، کە تا ئێستا دادگاییکردنەکەی بەردەوامە، بانگهێشتی دادگای سنە کراوە بەڵام ئامادە نەبووە، ژینا دوێنێ لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە بە فەرمانی دەستبەسەرکردنی لەلایەن دادگاوە بە تۆمەتی "دامەزراندنی ڕێکخراوێکی تێکدەر" دەستبەسەر کرا و بۆ زیندانی سنە گوازرایەوە، هاوکات تۆمەتەکانی "کۆکردنەوەی هاوکاری دژی ئاسایشی نەتەوەیی" و "پڕوپاگەندەکردن دژی ڕژێم" تۆمەتبارە.

 

لە لایەکی دیکەوە زانرا کە دەیان کەس، کە لەسەر ئەو کارانەی بەشداریان تێدا کردووە دادگایی کراون و دادگاییکردنەکانیان بە لێبوردن کۆتایی پێهاتووە، بە هەمان پاساو دووبارە دەستیان بە دادگاییکردنیان کراوەتەوە.