لە سۆماڵ برسیەتی بەرەو شارەکان هەنگاو دەنێت

برسیەتی لە سنوری گوندەکانی سۆماڵدا نەوەستاوەو بەرەو شارەکان هەنگاو دەنێت، دوای ئەوەی مۆگادیشۆ وەک پایتەخت سەلامەت بوو، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخ لەئێستادا ڕەوشەکە گۆڕاوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە سۆماڵ بەهۆی وشکەساڵییەوە زیاتر لە 8 ملیۆن کەس ڕووبەڕووی برسیەتی کوشندە دەبنەوە کە لە ئێستادا کاریگەری لەسەر دانیشتوانی شارەکان هەیە، ئەوەش تراژیدیایەکی ڕاستەقینەیە لەو وڵاتەدا.

 

وەک ملیۆنان کەسی "برسی" کە بەدوای خۆراکدا دەگەڕان، دایکی عیسا "حەلیمە مووسا" دوای چەند مانگێک سەختی و هەبوونی کۆگایەکی بچووکی گەنمەشامی ناچار بوو لەگەڵ چوار منداڵەکەی لە گوندەکەی خۆی کۆچ بکات.

 

عیسای تەمەن چوار ساڵ چەند کاتژمێرێک دوای گەیشتنی لەگەڵ دایکی و سێ براکەی بۆ کامپی ئاوارەکان، بەهۆی وشکبوونەوەی سەخت و خۆراکی خراپەوە گیانی لەدەستدا.

 

گوندی عیسا ٢٠٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری کامپێکەوە کە لە لایەن کۆمەڵێک ڕێکخراوی مرۆیی نێودەوڵەتی لە باشووری ڕۆژئاوای سۆماڵ دامەزراوە، بەهۆی وشکەساڵییەوە لە چوار دەیەدا هەزاران کەس لەو گوندەوە کۆچیان کردووە.

 

حەلیمەو منداڵەکانی کە ٢٠٠ کیلۆمەتر هەندێک جار بە پێ و هەندێک جاریش بە ئاژەڵ، بەناو ئەو ناوچانەدا کە بە وشکەساڵیی بە ئێسک و پاشماوەی ئاژەڵە مردووەکانی برسیەتی و تینوێتی داپۆشرابوون، بۆ گەیشتن بە کامپەکە ڕۆیشتن، لە کاتی گەیشتنی بۆ کامپەکە، حەلیمە پێی وابوو کە ئەو یارمەتییە خۆراکییەی کە پێی دەگات لاشەی ماندووی منداڵەکانی دەحەوێنێتەوە، بەڵام بۆ عیسا شکستیهێنا.

 

ئەم وڵاتە چوار دەیەیە ڕووبەڕووی خراپترین وشکەساڵی دەبێتەوە کە نیوەی ١٧ ملیۆن کەسی بە پێویستی خواردنی بەپەلە و دەستێوەردانی مرۆیی هێشتووەتەوە.

 

کاریگەری گشتگیر

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، کاریگەرییە کارەساتبارەکانی وشکەساڵیی و برسێتیی تراژیدی سۆماڵ فراوان بوو تەنانەت مۆگادیشۆی پایتەخت و ئەو چەند شارەی دیکەشی گرتەوە کە تا ڕادەیەک پاشەکەوتیان هەبوو.

 

وشکەساڵییەکە بووە هۆی ڕووخانی ئەو کۆمپانیا بچووک و مامناوەندانەی کە سەرچاوەی سەرەکی داهات بوون بۆ سەدان هەزار کەس لە شار و ناوچە کۆنەکان.

 

 زۆربەی چالاکیە ئابووری و هاوبەشەکان کاریگەریان لەسەر نرخی بەرزتر و سوتەمەنی و دەرهێنراوەکانی بەرهەمهێنان هەبوو، ئەمەش بووە هۆی شەپۆلێکی فراوان لە هەڵئاوسان.

 

ڕاستیە دڵتەزێنەکان

توێژینەوەیەکی هاوبەش لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی سۆماڵ پێشبینی دەکات کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا نزیکەی 34 هەزار کەس لە سۆماڵ لە برسیەتیدا گیان لەدەست بدەن.

 

لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٤٣ هەزار هاوڵاتی سۆماڵ بەهۆی کەمی خۆراکەوە گیانیان لەدەستداوە و سەدان هەزار ئاژەڵیش بەهۆی نەبوونی لەوەڕگا و ئاوەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

 بەپێی ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی "OCHA" لەم چەند مانگەی دواییدا 1.4 ملیۆن سۆماڵی، دوای لەدەستدانی بژێوی ژیانیان بەهۆی وشکەساڵیی ئێستاوە لە ناوچەکانی بنەچەی خۆیان ئاوارە بوون.