خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرا بە ٤٠٠ کەسوکاری شەهید
لە ساڵڕۆژی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەدا خەڵات بەخشرا بە کەسوکاری شەهید و زیندانیانی سیاسی و کەم ئەندامانی سەنگەر و پێشمەرگە دێرینەکان.
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی زانکۆی سلێمانی لە شاری سلێمانی مەراسیمی ڕێزلێنان بۆ ٤٠٠ کارمەند و مامۆستای زانکۆکە کە کەسی پلە یەکیان شەهید، زیندانی سیاسی، کەمئەندامی سەنگەر و پێشمەرگەی دێرین ڕێکخرا.
مەراسیمەکە بە دەقەیەک ڕاوەستان بۆ گیانی شەهیدانی کیمیابارانکردنەکەی هەڵەبجە دەستیپێکرد و پارچە ڤیدیۆیەک لەسەر کیمیابارانکردنەکەی هەڵەبجە پێشانی ئامادەبووان درا.
لە درێژەی مەراسیمەکەدا پارچە موزیکێک پێشکەشکرا بە ئامێری دەف و شمشاڵ، دواتر لەلایەن سەرۆکی خوێندنی باڵا خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەش بە کەسوکاری قوربانیان کرا.
پاڤێ جەمیل کچی شەهید و ڕاگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکان لە مەراسیمەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەکرد، ئێمە لە ناو زانکۆدا وەک بەرهەمی شەهیدان هەین و دەستی نەوەی ئایندە دەگرین، مەراسیمی لەم شێوەیە پێویستە بۆ بەسەرکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و کەم ئەندامانی سەنگەر، تا هەست بە بوونێکی باڵا بکەین، ئێمەش بەڵێن دەدەین لەسەر ڕێبازی شەهیدان دەبین و سەنگەری فێرکردنی زانکۆکان چۆڵ نەکەین.
"بە یەکگرتنی لایەنە سیاسیەکان قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان بکرێتەوە"
تانیا تاهر، کچی شەهیدی زیندانی سیاسی ئاماژەی بەوەکرد، من ئەم هەوڵەی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی بەرز دەنرخێنم، کە گرنگی بە ڕۆڵەی شەهید و قوربانیان داوە و بەسەری کردوونەتەوە، برینی کیمیابارانکردنەکەی هەڵەبجە هێشتا بە جەستەی مێژووی خەباتی ڕزگاری نیشتیمانی کوردستانەوە سارێژ نەبووە، ئێمە خۆمان بە قەرزاری ئەوانە دەزانین کە بۆ ڕزگاری گەلەکەمان گیانی خۆیان بەختکردووە، پێوستە حکومەت قەرەبووی کەسوکاری شەهیدان بکاتەوە بە یەک گرتنی لایەنە سیاسیەکان.