بۆکریسکان، بۆ ٨ی ئادار سیمینارێک بۆ ژنان پێشکەشکرا
شارەوانی بناری قەندیل سیمینارێکی لەبارەی ٨ی ئادار و تێکۆشانی ژنی کورد لەپێناو ئازادیدا بۆ ژنانی بناری قەندیل ڕێکخست.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ لە گوندی بۆکریسکان لە بناری قەندیل، لەلایەن شارەوانی بناری قەندیل سیمینارێک بەبۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان بۆ ژنانی گوندەکە پێشکەشکرا.
سیمینارەکە لەلایەن ڕوناهی حسێن، دانیشتووی گوندەکە پێشکەشکرا و تێیدا باسی لەوەکرد، مێژوو شاهیدی تێکۆشانی ژنانە، لە جیهاندا ژنان بەهۆی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و ڕەگەزگەراییەوە ڕووبەڕووی فشار و توندوتیژی دەبنەوە، بەڵام لە هیچ دۆخێکدا قبڵیان نەکردووە و بە تێکۆشانی خۆیان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
ڕوناهی حسێن باسی لەوەشکرد، ژنانی کورد بێبەش نەبوون لە بەشداریکردنیان لە تێکۆشان بەرەو ئازادی و بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان، ئیرادەی ژن هێزی گۆڕانکارییە، کوشتنی ژینا ئەمینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شۆڕشێکی بەرپا کرد، مرۆڤ هێز وەردەگرێت لەو ئیرادەیە، چونکە لەلایەن تاکەوە خاوەندارێتی لە هەست و بوون و وڵات کرا، بۆیە پێویستە ئەرکی خۆمان باشتر بەڕێوەببەین.
لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوەدا، ئێمە وەکو ژنانی بناری قەندیل، ئەرکی سەرشانمانە خاوەنداری لە مافی خۆمان و هەست و نیشتمانەکەمان بکەین.