ژنانی ئازادیخواز ٢٥ نەمامیان بەخشی بە کەسوکاری شەهیدان

لە درێژەی چالاکیەکاندا بۆ ٨ی ئادار ژنانی ئازادیخواز لە شاری سلێمانی سەردانی ماڵباتی شەهیدانیان کرد و نەمامیان پێشکەشکردن.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان گروپێک لە ژنانی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، دەستەی ژنانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، کۆنگرەی ستار، نوێنەری خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ژنانی باکووری کوردستان لە شاری سلێمانی، بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی، ڕێپێوانی ژنە بەرەو شۆڕشی گەلان" سەردانی بنەماڵەی شەهیدانیان کرد و ٢٥ نەمامیان پێشکەشکردن کە مەبەست لە نەمامەکە گوزارشت بوو لە ڕۆحی پاکی شەهیدان.

 

کار و چلاکیەکانی ژنانی ئازادی کوردستان بەردەوامە تا ڕۆژی ٨ی ئادار، لەمساڵدا هیچ ئاهەنگێک ناگێڕن بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان کە تیایدا هەزاران کەس بوونە قوربانی، بەڵکو چالاکییەکان بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و نەمام ئەنجام دەدەن.

 

"شەهیدان ڕێگەی ئازادی خاکەکەمانن"

چرۆ شوانی ئاماژەی بەوەکرد، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵەکانی پێشوو هیچ ئاهەنگێک ناگێڕین،بەڵکو کۆمەڵێک چالاکی ئەنجام دەدەین، یەکەم چالاکیمان پێشکەشکردنی نەمام بوو بە ماڵباتی شەهیدان، چونکە شەهیدان ڕێگەی ڕزگاری خاکەکەمان بوون و لە سایەی ئەوانەوە ئێمە ئەتوانین بە ئازادی بژین.