باشووری سودان ڕووبەڕووی نائاسایشی خۆراک دەبێتەوە

شەڕی ڕوسیا و ئۆکراینا و کارەساتی سروشتی دۆخی باشووری سودانی ئاڵۆز کردووە  و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پاڵپشتی دارایی بۆ باشووری سودان دابین دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، ١ی ئادار لە بەیاننامەیەکدا، ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی بەپەلە بە بەهای نزیکەی ١١٤.٨ ملیۆن دۆلار بۆ باشووری سودان، کە ملیۆنان کەس ڕووبەڕووی نائاسایشی خۆراک دەبنەوە، لەپێناو چارەسەرکردنی نائاسایشی خۆراک و پاراستنی خەرجییە کۆمەڵایەتییەکان.

 

باشووری سودان لە ساڵی ٢٠١١ لە سودان جیابووەوە، بەڵام دوای دوو ساڵ کەوتە نێو شەڕێکی ناوخۆییەوە و ٤٠٠ هەزار کەس کوژرا، سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاشتی لە ساڵی ٢٠١٨دا بەڵام توندوتیژی و کوشتن و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی بەردەوام بوو.

 

لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاریگەرییەکانی شەڕی ڕوسیا و ئۆکراینا و بەردەوامی کارەساتە سروشتییەکانی وەکو لافاو لە ناوچەکەدا، دۆخی مرۆیی ترسناکتر بووە، چونکە نزیکەی ٨.٣ ملیۆن کەس، واتە دوو لەسەر سێی دانیشتووان، ڕووبەڕووی نائاسایشی خۆراکی توند دەبنەوە.