ژنانی ئازاد پاڵپشتی کەمپەینی " لەگەڵتانین" دەکەن

لە دەستپێشخەرییەکدا هەدەپە کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاری بە ناوی " لەگەڵتانین" بۆ باکوور و ڕۆژائاوای کوردستان دەستپێکردووە، گروپی ژنانی ئازاد پاڵپشتی کەمپەینەکەیان کرد و داوایان کرد سەرجەم چین و توێژەکان هاوکاری کەمپەینەکە بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ لە شاری هەولێر گروپی ژنانی ئازاد لە بارەگای هەدەپە پاڵپشتی خۆیان بۆ کەمپەینی " لەگەڵتانین" ڕاگەیاند، داوایان لە هاوڵاتیان کرد پشتیوانی لە کەمپەینەکەیان بکەن بە ئامانجی گەیاندنی هاوکارییەکانیان بەدەستی زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە.

 

ژنانی ئازاد کە پاڵپشتی خۆیان بۆ کەمپەینی " لەگەڵتانین" ڕاگەیاند لە بارەگای هەدەپە لەلایەن ناهیدە ئارمیش نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشووری کوردستان پێشوازیان لێکرا، ژنانی ئازاد پێکهاتبوون لە نەهلە محەمەد لە یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان،   هاژە سلێمان ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی و گوڵناس عەزیز و بەناوەی گروپی ژنانی ئازاد پشتیوانی خۆیان بۆ کەمپەینەکەی هەدەپە ڕاگەیاند.

 

ناهیدە ئارمیش نوێنەرایتی هەدەپە ئاماژەی بەوەدا کە پاڵپشتی سەرجەم لایەنە جیاوازەکانی باشووری کوردستان بۆ کەمپەینەکەیان گرنگە و وتی:  زیانلێکەوتووانی بومەلەرزە بەهێزەکەی ٦ی شووبات لە دۆخێکی سەختدان و لە ڕێگای ئەم کەمپینەیەوە هەوڵدەدەین هاوکاریەکان بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان کۆبکەینەوە، چونکە وەک پێویست یارمەتییان پێناگات، هەر بۆیە کەمپەینی "لەگەڵتانین" پێویستی بە پاڵشتی سەرجەم لایەن، چین و توێژە جیاوازەکانی باشووری کوردستان هەیە، هاوکارییەکان ئەرکی هەموو لایەکە چونکە دەوڵەتی تورکیا وەکو پێویست هاوکاری زیانلێکەوتوانی باکووری کوردستان نەکردووە.

 

لە درێژەی سەردانەکەدا گروپی ژنانی ئازاد پشتیوانی خۆیان بۆ کەمپەینی هەدەپە و دەربڕی و جەختیان لەوە کردەوە کە بەشداریکردن ئەرکی هەموولایەکە، هاوکاریکردنی کەمپەینی “لەگەڵتانین”، ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆییە، هەروەها دەبێت دڵنیاببینەوە لەوەی هاوکاریەکان بگەیندرێتە دەستی تەواوی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردساتن.

 

گروپی ژنانی ئازاد بەشێوەی ماددی و دارایی هاوکارییان پێشکەش بە کەمپەینەکە کرد، هەروەها داوایانکرد هەر تاکێکی کورد بە ئەرکی خۆیانی ببین کە هاوکاربن لە ڕێگەی ئەو کەمپەینەی هەدەپە دەستیپێکردووە بە ناوی “لەگەڵتانین” تا کۆمەک و هاوکارییەکان بگەنە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان.