دوای بوومەلەرزەکە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ١١٣ کەس دەرچووە

کاربەدەستان لە تورکیا ئاماژە بەوەدەکەن، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ١١٣ کەس دەرچووە کە پەیوەندییان بە دروستکردنی ئەو بینایانەوە هەیە لە بوومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممەدا ڕووخاون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٦ی شوبات بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە باکووری کوردستان و تورکیا ڕوویدا و کاریگەری لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و سوریاش هەبوو، بە کۆی گشتی زیاتر لە ٢٨ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان هەزار بیناش ڕووخاون و وێرانکاری گەورەی لێکەوتووەتەوە.

 

چەند ساڵێکە شارەزایان هۆشدارییان داوە کە زۆرێک لە بینا نوێیەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا بەهۆی گەندەڵیی و سیاسەتەکانی حکومەتەوە نادڵنیان و لەکاتی ڕوودانی بوومەلەرزەدا کارەسات دروستدەکەن، بەڵام گوێ بە هۆشدارییەکان نەدرا، لە کاتی بوومەلەرزەکەی هەفتەی ڕابردوودا، هەزاران بینا ڕووخاون و ئەوەیان دەرخست کە کاریگەری کارەساتی سروشتی بەهۆی شکستەکانی مرۆڤەوە خراپتر بووە.

 

دوای بوومەلەرزەکە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ١١٣ کەس دەرچووە کە پەیوەندییان بە دروستکردنی ئەو بینایانەوە هەیە ڕووخاون و بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی دەیان هەزار کەس.

 

لە پیشتردا بەلایەنی کەمەوە ١٢ کەسی پەیوەندیدار بە دروستکردنی ئەو بینایانە خراونەتە ژێر چاودێرییەوە، لەوانە بەڵێندەرانی بیناسازیش، چاوەڕێی دەستگیرکردنی زیاتر دەکرێت بەڵام کردارەکە لەلایەن زۆرێکەوە وەک هەوڵێک بۆ لادانی لۆمە بۆ کارەساتەکە دەبینرێت.

 

تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لە وەڵامدا دانی بەکەموکوڕی ناوە، بەڵام لە سەردانێکیدا بۆ ناوچەیەکی کارەساتبار دەرکەوت کە گلەیی لە چارەنووس دەکات و وتوویەتی: "هەموو کات شتی وا ڕوویداوە و ئەوە بەشێکە لە پلانی چارەنووس".

 

قسەکانی ئەردۆغان وادەردەخات کە ئەو هەموو زیانە گیانی و ماددیە تەنها دەخاتە ئەستۆی کارەساتی سروشتی و نایەوێت دان بەوەدا بنێت کە کەمتەرخەمی و گەندەڵی لە دروستکردنی بیناکاندا هەبووە.