بەهۆی بومەلەرزەکەوە هاوڵاتیانی کۆبانێ لە چادردا دەمێننەوە

بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کە لە مەرەش ڕوویدا، کاریگەری لەسەر ڕۆژئاوای کوردستانیش هەبوو، یەکێک لەو شارانەی بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە کۆبانێیە، بەو هۆیەوە خەڵک لە ژێر چادردا دەمێننەوە.

کۆبانێ

 

ڕۆژی ٦ی شوبات کاتژمێر ٠٤:١٧ خولەکی بەیانی، بومەلەرزەیەکی بەهێز لە شاری مەڕەشی باکووری کوردستان ڕوویدا و بە بوومەلەرزەی سەدە پێناسە کراوە، کاریگەری لەسەر شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا و سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان دروستکرد، بەهۆی بومەلەرزەکەوە بە هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان هەزار کەسیش برینداربوون و ماڵ و حاڵیان زیانی زۆری پێگەیشت.

 

شاری کۆبانێ، کە لەسەر سنوری باکووری کوردستانە، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانی بەرکەوت، لەئاکامدا سێ کەسی برینداربوون و دەیان خانوو وێران بوون و دەیان بینایش زیانیان بەرکەوتووە کە شوێنی نیشتەجێبوون نەماوە، لەم دۆخەدا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەموو دەرفەتێکی ڕەخساندووە بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر و لە ئاکامدا چەندین چادر لە شوێنە ئارامەکانی ناوەڕاستی کۆبانێ کراونەتەوە، شارەوانی کۆبانێش خانووە زیانلێکەوتووەکانی هەڵوەشاندو پاشماوەکەشی پاککردەوە.

 

لە کۆبانێ ماڵەکان هەڵوەشاون

مەدینە ئۆسێ، ٦٧ ساڵە و لە گەڕەکی مکتەلی دەژی وتی: من لەناکاو هەستام جیهان دەجوڵا، بینیم ماڵەکانمان دەڕۆن و دێن، سەرەتا وتم لەوانەیە کەسێک لە دەرگامان بدات، کچەکەم وتی کە ئەوە بروسکە بوو، پاشان دەنگ و لەرزینەکە قورستر بوو، کاتێک ئێمە زانیمان بومەلەرزەیە ئێمە یەکسەر جێگاکەمان جێهێشت، کچەکەم بە دەستەکانم گرت و چووینە دەرەوە، ماڵەکەم نەڕووخا تەنها هەندێ وێنە کەوتن، بەڵام لە ڕووی دەروونییەوە زۆر دەترسام، چونکە تا ئێستا ئەو جۆرە ڕووداوانەمان ئەزموون نەکردووە، لە کۆبانێ بارودۆخی هەموو خەڵک لەم ئاستەدایە و دەیان خانوو و بینا وێران بوون، شەوانە هەموومان ماڵەکانمان جێدەهێڵین و لەبەردەم ماڵەکانمان دادەنیشین، هیوا و داواکارییەکانم ئەوەیە کە ئەم دۆخە بە شێوەیەکی ئارام کۆتایی پێبێت بۆ ئەوەی بتوانین ئاسوودەیی بدۆزینەوە.

 

"ئێمە وتمان کە ئەوانە فڕۆکەی جەنگین"

باکیرە سنجار، دانیشتووی گەڕەکی نوێ، باسی لە دۆخی کۆبانێ کرد و وتی: من تەمەنم ٥٠ ساڵە و ئەمە یەکەمجارە لە دۆخێکی وەهادا دەژیم، هەموومان خەوتبووین، کاتێک بینیمان دەنگەکە دێت و زەوی دەلەرزێت، وامانزانی فڕۆکە جەنگییەکان بۆردومانمان دەکەن و جەنگ دەستیپێکردووە، واتە شتێکی جیاواز ڕوودەدات، لەبەرئەوە، ترسێکی پێناسەنەکراومان ئەزموون کردووە، ئێمە بەپێی هەڕەشە و بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورک خۆمان ئامادە کردبوو، بەڵام بومەلەرزەکە کارەساتێکی سروشتییە کە ناتوانرێت ڕێگری لێبکرێت، بۆیە کاریگەری زۆرمان لەسەر بوو، بەشێوەیەکی گشتی بارودۆخی خەڵک باش نییە و دەیان خانوو وێران بوون و بەو هۆیەشەوە دەیان خێزان لە شەقام و ژێر چادردان لە ماوەی ئەم ساردی زستانەدا هەرچۆنێک بێت، هێشتا دۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر دایە.