لە پێنجەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفریندا مەراسیمێک بەڕێوەچوو

بەڕێوەبەراتی خۆسەر لە باشووری کوردستان بە دروشمی "نا بۆ داگیرکاری دەوڵەتی تورک، بژی بەرخۆدانی گەلی عەفرین" مەراسیمێکی بە بۆنەی پێنجەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین بەڕێوەبرد.

سلێمانی

 

ئێوارەی دوێنێ لە هۆڵی میلانۆ لە شاری سلێمانی، بەدەستپێشخەری نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوا و کەسایەتییە سیاسی و ئاکادیمیەکان، مەراسیمێک بە بۆنەی پێنجەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرین بە خۆلەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئازادی دەستیپێکرد.

 

لە مەراسیمەکەدا سینەفزیۆنێک لەسەر داگیرکاری عەفرین و بەرخۆدانی گەل پێشکەشکرا، دواتر لەلایەن ئەڤین سوێد، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باشووری کوردستان ئاماژەی بەوەکرد: گەل لە بەرامبەری هێرشی دەوڵەتی تورکیا بێدەنگ نەبوو و بەشداری خۆپاراستنی کرد، دوای داگیرکردنی عەفرین دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی چەندین کردەی نامۆڤانەیان بەڕێوەبرد، دەیان ژن کوژران و ڕفێندران و تا ئێستاش بێ سەروشوێنن.

 

سمکۆ ڕەشید، ئەندامی بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوا لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەدا، "دوای پێنج ساڵ ئێستاش ڕۆژانە دەوڵەتی تورک و گروپە بەکرێگیراوەکانی دەستدرێژی بەردەوام دەکەنە سەر کورد و کوشت و بڕ ئەنجامدەدەن، هەموو ئەمانەش لەپێش چاوی جیهان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت، ئەوانیش بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دوور لە ئەخلاق و مافەکانی مرۆڤ، مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکەن.

 

زەهی ئەلڕەشید، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری لە باشووری کوردستان، بۆ نوژنها دوا و ئاماژەی بەوەدا، لەناو هەر هێرش و داگیرکارییەکدا زیانی گەورە بەر ژن و منداڵ دەکەوێت، لە هێرشەکانی تورکیاشدا بە هەمان شێوە بوو، بەڵام ژنان بەرخۆدانیان کرد، بەرخۆدانی عەفرین بە پێشەنگی یەپەژە و ژنان لە هەر چوارپارچەی کوردستان بەڕێوەچوو.

 

رووناهی سنە، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و دەڵێت: یەکێک لە هۆکاری هێرشکردن بۆ سەر عەفرین دەوڵەمەند بوونی جوگرافیایە، ئێمە وەکوو گەلی کورد تا هێزمان هەبێت تێکۆشانی ئازادیخوازان ون ناکەین و بەردەوامین لەسەر ڕێی ئەوان.