بەهۆی بڵاوکردنەوەی گوڵ لە دژی حیجابی زۆرەملێ ژنێکی گەنج لێپرسینەوەی لێکرا

لە شاری ئەسفەهان لە ئێران ژنان بە دابەشکردنی گوڵ ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە حیجابی زۆرەملێ و ئاڤا جەهانگیری بە قژە سوورەکەیەوە سەرنجەکانی ڕاکێشا، زانراویشە پۆلیس تەلەفۆنی بۆ کردووە بۆ ئەوەی بچێتە بنکەی پۆلیس بۆ وەرگرتنی لێدوان لێی.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ئێران چالاکییەکانی ژنان دژ بە حیجابی زۆرەملێ لە بەرامبەر هەموو هەڕەشە و هێرشەکاندا بەردەوامە. چالاکوانێکی گەنج و ئازا بە ناوی ئاڤا جەهانگیری خەڵکی شاری ئەسفەهان بە قژە سوورەکەیەوە لەناو شاردا گوڵی بڵاوکردەوە و دژی حیجابی زۆرەملێ ناڕەزایەتی دەربڕی، دیمەنەشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە.

 

ئاڤا جەهانگیری، کە چالاکوانێکە و خاوەن پێداویستی تایبەتیشە، ئاشکرای کرد کە لەلایەن پۆلیسەوە تەلەفۆنی بۆکراوە و بانگهێشتی بنکەی پۆلیس کراوە بۆ ئەوەی لێدوان بدات.