سیبەل تەکینی دەرهێنەر لە ئەنقەرە دەستگیرکرا

سیبەل تەكین، دەرهێنەری فیلمی دیكۆمێنتاریی لە ماڵەكەی خۆیدا لە ئەنقەرە دەستگیركرا و کەلوپەلەکانیشی دەستیان بەسەرداگیرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ١٦ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٢، سیبەل تەكین، دەرهێنەری فیلمی دیكۆمێنتاری لە ماڵەكەی خۆیدا لەشاری ئەنقەرە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیركرا.

 

بەپێی کۆمەڵەی میدیا و لێکۆڵینەوە یاساییەکان-MLSA سیبەل تەکین لە ئەنجامی سکاڵایەک لەلایەن ئەفسەرانی پۆلیسەوە دەستبەسەرکراوە، بە تۆمەتی ئەوەی كە لەكاتی تۆماركردنی یەكێك لە فیلمە دیكۆمێنتارییەكانیدا، دیمەنی تێپەڕینی ئۆتۆمبێلێكی سەربازی گرتووە.

 

بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، سیبەل تەكین دوای دەستبەسەركردنی ڕەوانەی دادگای ئاشتی و تاوانەكان كراوە و دواتر لە دادگا وتەی لێوەرگیراوە، پاشان بڕیاری دەستبەسەركردنی درێژكراوەتەوە.

 

کۆمپیتەرەکانی سیبەل تەکین، هارد و درایڤەکان بە دۆکۆمێنتار و کامێرا و چەند کتێبێک لە کاتی هێرشەکەدا دەستبەسەر کران، ئەوەش ئاشکرا کراوە کە سیبەل تەکین ڕەوانەی زیندانی داخراوی سنجان کراوە.