دیوی پشتەوەی ترافیکی سەردانی دیپلۆماتکارە بیانییەکان بۆ عێراق چییە؟
لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، باڵیۆز و دیپلۆماتی چەندین وڵاتی بیانیی و ڕۆژئاوایی سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقیان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و سەرکردە سیاسییەکان کۆبوونەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی، متمانەی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا؛ لەدوای دەستبەکاربوونی کابینەکەوە چەندین باڵیۆز و دیپلۆماتکاری وڵاتان سەردانی عێراقیان کردووە و لەگەڵ بەرپرسان و سەرکردە سیاسییەکان کۆبوونەتەوە.
بەدیاریکراوی لە ماوەی ڕابردوودا نوێنەر و دیپلۆماتکاری چەندین وڵاتی ڕۆژئاوایی و بەتایبەتیش ئالینا ڕۆمانۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە، ڕاگەیەندراوی زۆربەی کۆبوونەوەکانیش بەزۆری لەیەک دەچن، بەو پێیەی لە هەموویاندا وا خراوەتەڕوو کە کۆبوونەوەکان بۆ “باسکردن لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان، شەڕی تیرۆر، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پێشخستنی دیموکراسی لە عێراق” بوون.
پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت کە بەشێک لەم جوڵە دیپلۆماسییانە لە بەغدا باڵە سیاسییەکانی میلیشیا چەکدارەکانی هاوپەیمانی تاران لەخۆدەگرێت، دیارترینیان ڕێکخراوی "بەدر"ە بە سەرۆکایەتی هادی عامری.
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە:"زیاتر ئەو پەیامانە پشتیوانیکردن بوون لە پرۆسەی سیاسیی ئێستای عێراق".
باسی لەوەشکردووە، "پشتگوێخستنی ڕەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی و پەراوێزخستنی ئەو هێزە مەدەنیانەی کە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و گواستنەوەی ڕۆڵەکانیان بۆ لایەنەکانی دیکە، بەشێکی سەرەکیی تەوەری گفتوگۆکانی بەرپرسانی عێراق دیپلۆماتکارە بیانییەکان بووە".
عێراق یاساکانی هاوشێوەی ڕژێمی بەعس توند دەکاتەوە
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە پرۆژە یاساکانی ئازادی ڕادەربڕین و تاوانەکانی بڵاوکردنەوەی زانیاری، کە پەرلەمانی عێراق دەستی بە خوێندنەوەی کردووە و دەیەوێت دەنگی لەسەر بدات، ڕووبەڕووی ڕەخنەی تووندی شەقام و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بووەتەوە، بەوپێیەی بەشێک لە بڕگەکانی هاوشێوەی ئەوانەی ڕژێمی پێشووی بەعسن یان توندتریش.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی نەشاردووەتەوە، کە "واشنتۆن و وڵاتانی زلهێزی ڕۆژئاوا هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی حکومەتی محەمەد شیاع سوودانیی دەکەن، بەتایبەتیش نیگەرانن لە پێدانی ڕۆڵ بە میلیشیا چەکدارەکان لە خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان و وەزارەتە گرنگەکاندا".
جێی ئاماژەیە دۆخی عێراق لە ئێستادا لەژێر چارەنووس و بڕیاری وڵاتانی زلهێزدایە، پەرلەمانی عێراق دوای نزیکەی ساڵێک توانی سەرۆکی وڵاتەکەی هەڵبژێرێت و بۆ ئەو هەڵبژاردنەش چەندین ناکۆکی و جوڵەی شەقامی لێکەوتەوە، عێراق نەیتوانیوە سەروەری خۆی بپارێزێت و خاکەکەی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆردومان دەکرێت و پەرلەمانەکەی لەژێر هەژموونی تورکیا و ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوایی دایە، جوڵەی باڵیۆز و دیپلۆماتی چەندین وڵاتی بیانیی لە بەغدای پایتەخت و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان، دەتوانێت هەژموونی وڵاتان لە عێراق بخاتە بەرچاو.
سەرچاوە: ئەلعەرەبی جەدید