٣٥ کۆچبەری کورد لە خنکان ڕزگارکران

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٣٥ کۆچبەری کورد لە سنورە ئاوییەکانی فەڕەنسا لە خنکان ڕزگارکران. 

ناوەندی هەواڵ

 

کۆچکردنی هاوڵاتیانی کورد لە باشووری کوردستان، بەهۆی نالەباری دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و هێرشەکانی وڵاتانی داگیرکەرەوە، ماوەی چەند ساڵێکە بەردەوامی هەیە و خەڵک دەیەوێت ژیانێکی ئارام و زامنی هەبێت، بەڵام لەرێی کۆچدا مەترسییەکی زۆر لەسەر ژیانیان دروست دەبێت و لە ڕێگا ئاوییەکانی نێوان وڵاتاندا سەدان هاوڵاتی کورد خنکاون، زۆربەی کاتیش ئەگەر ژمارەیەکی کەمیش بوبێت توانراوە ڕزگار بکرێن.


ڕەنج پشدەری، رۆژنامەنووس، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١١ی کانونی یەکەم ڕایگەیاند، ٣٥ کۆچبەری کورد زیاتر لە سێ کاتژمێر بەھۆی شەپۆلی زۆرەوە نەیانتوانیوە لە گەشتەکەیان بەردەوام بن و لە ئاوەکانی فەڕەنسا گیریان خواردووە و داوای بەھانەوەچوونیان کردووە.

وتیشی دوای پەیوەندیکردن بە ڕێکخراوەکانی فەڕەنسا و ئاگادارکردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار، ھەر ٣٥ کۆچبەرە کوردەکە ڕزگارکران و ھەموویان تەندروستییان باشە.