٪٥٥ی ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە بێدەنگ دەبن

ئەنجامی ڕاپرسییەکی جیهانی دەریخستووە ژنان لە شوێنی کاردا ڕووبەڕووی دەستدرێژی دەبنەوە و ئەمەش لەناو گەنجان، کۆچبەران و کارمەندان و بەتایبەت ژنان ڕێژەکەی بەرزە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ئەنجامی ڕاپۆرتێکدا، کە لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار لە نەتەوە یەکگرتووەکان، "تۆماری لۆیدز" و "پەیمانگای گالۆپ بۆ ڕاپرسییەکانی بیروڕا" بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرایکردووە "زیاتر لە ٪٢٢ لە نزیکەی ٧٥ هەزار کارمەند، لە ١٢١ وڵاتدا کە ڕاپرسییەکەی تێدا کراوە، دەرکەوتووە، لە هەر پێنج کەسێک لە جیهاندا لانیکەم یەکێکیان لە شوێنی کاردا تووشی جۆرێک لە توندوتیژی یان هەراسانکردن بووە و نزیکەی نیوەی قوربانییەکانیش بێدەنگن.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا کە ٥٦ لاپەڕەیە، ئەو سێ ڕێکخراوە ڕایانگەیاندووە، "توندوتیژی و هەراسانکردن لە شوێنی کاردا دیاردەیەکی بەربڵاو و زیانبەخشە، زیانێکی قووڵ و تێچووی زۆری هەیە"، سێیەکی قوربانییەکان کە دەکاتە ٪٣١.٨ ڕایانگەیاندووە بەرکەوتەی زیاتر لە جۆرێک لە توندوتیژی و هەراسانکردن بوون، هەروەها ٪٦.٣ی قوربانییەکان لە کاتی پیشەکەیاندا بەرکەوتەی هەرسێ جۆرەکەی توندوتیژی جەستەیی، دەروونی و سێکسی) بوونەتەوە.

 

 

مانوێلا تۆمای، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی جەمسەری حوکمڕانی و ماف و دیالۆگی ڕێکخراوی کار، ئاماژەی بەوەدا کە کەمتر لە ٥٥٪ی ئەو کەسانەی توندوتیژییان بەرامبەر کراوە، باسیان لە ئازارەکانیان کردووە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، "ڕەنگە ئەمە بەهۆی قەدەغە و تابۆوە نەبێت، بەڵکو بێدەنگیەکە بەهۆی هەستی شەرمەزاری و تاوانباری ئەو کەسانەی کە پرسیاریان لێدەکرێت، بێت، چونکە پێیانوایە ڕەفتار یان کردارەکانیان ڕەنگە بوبێتە هۆی ئەوەی کەسێکی دیکە بێڕێزی بکات".