لە زاخۆ ژنێک لەلایەن براکەیەوە دەکوژرێت

شەوی ڕابردوو لە سنوری شارۆچکەی زاخۆ ژنێکی ٣٧ ساڵ لەلایەن برایەکییەوە بە ناوی "م. ر. ت." دەکوژرێت و پاشان هەڵدێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لەدوای ٢٥ی نۆڤەمبەر، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەستیپێکرد بەڵام لەو ماوەیەدا چەندین ژن کوژراون.

 

شەوی ڕابردوو، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ، کاتژمێر ٧:٠٠ی شەو ژنێكی ته‌مه‌ن ٣٧ ساڵ بە ناوی "ا. ر. ت." به ‌ده‌مانچه کوژرا، دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌ستپێكردووه‌، ناسنامه‌ی بكوژه‌كه‌یان ئاشكراكرد و ده‌ڵێن براكه‌ی کە ناوی "م. ر. ت." كوشتوویه‌تی.

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ ڕاشیگەیاندووە، تیمه‌كانی پۆلیس له‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌ستپێكرد و ناسنامه‌ی بكوژه‌كه‌یان ئاشكراكرد كه‌ برای ژنه‌ كوژراوه‌كه‌یه‌، له‌سه‌ر بڕیاری دادوه‌ریش به‌پێی مادده‌ی ٤٠٥ له ‌یاسای سزادانی عێراقی فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌رچووه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ش به‌رده‌وامە.

 

هەر بەپێی زانیارییەکانی ۆلیسی زاخۆ بکوژەکە دوای ته‌قه‌كردن له‌ خوشكه‌كه‌ی، به‌ره‌و شوێنێكی نادیار هه‌ڵهاتووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان پاش ماوەیەک لە هەڵهاتنی، بکوژەکە دەستگیرکراوە.

 

جێی ئاماژەیە کوشتنی ژنان لە سەرەتای ساڵەوە بەردەوامە و لەژێر ناو و بیانووی جیاوازدا ژنان دەکوژرێن و ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن، بەپێی ئاماری کۆکراوەی ئاژانسی نوژنها، لە سەرەتای ساڵەوە تا ٢٥ی نۆڤەمبەر، ٦٣ حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمارکراوە.