هەموو ئێران لە خەبات و مانگرتن یەکگرتوو بوون

مانگرتنی سەرتاسەری ٣ ڕۆژە لە ئێران دەستی پێکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کاتی بانگەوازی پێش بڵاوکراوەدا، دوکاندار و بازرگانەکان لە زۆربەی شارەکانی ئێران مانیان گرت و پەنجەرەی دوکانەکانیان داخست.

 

شارەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان، لەوانە سنە، سەقز، مەریوان، قروە، بۆکان، کرماشان، کامیاران، جوانڕۆ، شنۆ، دیواندرێ، ورمێ، مەهاباد، ئیلام، پاوە، ڕەوانسەر و هتد، کە پێشەنگایەتی ئەم ڕاپەڕینە سەرتاسەرییە بوون و لەم ڕاپەڕینەدا لە ڕۆژانی شۆڕشدا زۆرترین مانگرتن و ناڕەزایەتییان ئەنجامداوە، پشتیوانی ئەم بانگەوازەیان کردووە و بەم مانگرتنەش هەنگاوێکی گەورەیان ناوە لە ئیفلیجکردنی سووڕی ئابوری حکومەت.

 

دوکاندار و بازاڕەکان لە شارەکانی تری ئێران لەوانە تەبرێز، بوشێهر، پارێزگای تاران، پارێزگای فارس، پارێزگای ئەسفەهان، شەهرەکۆرد، کرمان، بەلوچستان، بەندەرە ئەنزەلی، ئەراک، کازەرون، پارێزگای گیلان، شیراز و... هەروەها، بە داخستنی دوکانەکانیان لەگەڵ مانگرتن ئەوانیش پەیوەست بوون و ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بە ساڵانی تاوان، کوشتاری بەکۆمەڵ، سێدارە و جینۆسایدی گەلانی جیاجیای ئێران، لەوانە کورد و بەلووچ، قەیرانی ئابووری، بێکاری و هتد دەربڕی.

 

لە زۆربەی ئەو شارانەدا مانگرتنی بازرگانان لەگەڵ مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگردا بووە.