خۆپیشاندان بەردەوامی هەیە و چەندین ژنی گەنج دەستگیرکراون

دوو خوشک بە ناوەکانی ژاڵە و شیما ئیبن عەباس لە شار شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و چەند خوێندکارێکی دیکەش تا ئێستا لە زینداندان.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ٤ی کانوونی دووەم دوو خوشک بە ناوەکانی ژاڵە ئیبن عەباس، ٢٣ ساڵ و شیما ئیبن عەباسی ٢٦ ساڵ لە شاری شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ زیندانی شاری ورمێ گوازراونەتەوە، بە پێی زانیارییەکان دوو خوشکەکە بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکان" و "بڵاوکردنەوەی کەرەستەی پشتیوانی لە ڕاپەڕینی جەماوەری" دەستبەسەر کراون.

 

 

لەلایەکی دیکەوە ئەو ژنە گەنجانەی لە ماوەی ڕابردوودا دەستگیرکراون، تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە و دۆسیەکەیان ڕەوانەی داواکاری گشتی کراوە بۆ ئەوەی سزای ناڕەوایان بەسەردا بسەپێنرێت.

 

لەوانە نەسیم مەردۆخی، دەرچووی کاری دەستی لە زانکۆی ئاداب، لە مانگی تشرینی یەکەمدا دەستگیرکرا و بە فەرمانی دەستبەسەرکردنی ٣٠ ڕۆژ بۆ زیندانی قەرچاک وارامین گوازرایەوە، تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ ڕۆژە لە زینداندایە و دۆسیەکەی بە تۆمەتی کۆبوونەوە و پشتیوانی لە دژی ڕژێم و پڕوپاگەندە  ڕەوانەی دادگای شۆڕش کراوە.

 

هەروەها مریەم عەزیمی، شارەزای ئارسید لە دەروونناسی منداڵان و گەنجان، ئەناهیتا هاشمیپوور، کە لە دوای ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی زیندانی ئەوین گوازرانەوە بۆ زیندانی قەرچەک، دوای تێپەڕبوونی ٦٠ ڕۆژ هێشتا چارەنووسیان نادیارە.

 

دوای ڕاپەڕینی جەماوەری گەلی کورد و گەلانی ئێران، شەپۆلی گرتن و سەرکوتکردنی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران توندتر بووە، هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئەو ژنانە دەستگیردکەەن کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بابەت بڵاودەکەنەوە کە ویستی حکومەت نییە.