بەهۆی گازی فرمێسکڕێژەوە نزیکەی ١٠٠ منداڵ تەنگەنەفەس و بێهۆش بوون

بەهۆی گازی فرمێسکڕێژی هێزە ئەمنییەکانەوە، لە سلێمانی نزیکەی ١٠٠ خوێندکاری قۆناغی بنەڕەتی تەنگەنەفەس و بێهۆش بوون.

سلێمانی

 

لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی، ئەمڕۆ گرژی و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان خوێندکاران و هێزە ئەمنییەکان ڕوویدا و بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکە گازی فرمێسکڕێژ بەکارهاتووە.

 

سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی ١٢٢، بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان لە کاتی بڵاوەپێکردنی خوێندکارانی خۆپیشاندەری زانکۆی سلێمانی، بە هەڵە گازی فرمێسکڕێژیان هەڵداوەتە ناو قوتابخانەی دیاری بنەڕەتی لە گەڕەکی شەکرەکە لە بەرامبەر بینای پارێزگای سلێمانی، کە نزیک بووە لە خۆپیشاندەرەکانەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەهۆی ڕووداوەکەوە نزیکەی ١٠٠ خوێندکاری بنەڕەتی، تووشی بێ هۆشی و تەنگەنەفەسی و چاوکزانەوە و ترس و دڵەڕاوکێ بوون، تیمەکانیان بە ئەمبوڵانس فریایان کەوتن و سەرجەم خوێندکارەکانیان چارەسەر کرد و ڕەوانەی ماڵەوەیان کردنەوە.