سنە؛ چەندین خۆپیشاندەر لە گۆڕستانی بەهەشت محەمەدی کوژران و برینداربوون

لە گۆڕستانی بەهەشت محەمەدی شاری سنە چەندین خۆپیشاندەر بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش بە تەقەی ڕاستەوخۆ برینداربوون.

سنە

 

ئەمڕۆ، ١٧ی تشرینی دووەم هاوڵاتیانی شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویان لە گۆڕستانی بەهەشت محەمەدی کرد و مەراسیمیان بۆ گیان بەختکردووان گێڕا.

 

دوای مەراسیمەکە، هاوڵاتیان بەرەو ناوشاری سنە گەڕانەوە و شەقامەکان لەلایەن خەڵکی شۆڕشگێڕەوە داخران و ئۆتۆمبێلەکان بۆ پشتیوانی لە خەڵک کوژێنرانەوە و هەمووان دروشمی "مەرگ بۆ خامنەیی"یان دەوتەوە.

 

هێزە سەرکوتکەرەکان هێرشیان کردە سەر ناڕەزایەتییەکان و بە تەقەی ڕاستەوخۆ کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا، کە چەندین کەس بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

 

هاوڵاتیانی ناڕازی بڵاوەیانکرد و ماڵەکانی گەڕەکی قەشڵاق لە هەڵوێستێکی جوان و شۆڕشگێڕانەدا دەرگاکانیان بەڕووی خۆپیشاندەراندا کردەوە، شۆڕشگێڕانیش بە خۆحەشاردان لەم گەڕەکەدا لە دەستگیرکردن و بەئامانجکردنی ستەمکاران پارێزراو بوون.

 

تا ئێستا بە فەرمی ئاماری گیانلەدەستدانی خۆپیشاندەرێک پشتڕاستکراوەتەوە، بەڵام ژمارەی وردی کوژراو و بریندارەکان لەبەردەستدا نییە.