تەرمی ژن و منداڵێک لەژیر بینا ڕووخاوەکەی بەغدا دەرهێندران

بەیانی ئەمڕۆ ٤ی تشرینی یەکەم، تەرمی ئەو ژن و منداڵە دەرهێندرا کە لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکەی ناوچەی کەڕادە لە بەغدا مابوونەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

١ی تشرینی یەکەم باڵەخانەیەکی شەش نهۆمی لە ناوچەی کەڕادە کە تایبەت بوو بە چارەسەری کەسانی نەخۆش داڕووخا، تیمەکانی بەرگریی شارستانی عێراق لە سەرەتای رووداوەکەدا، ١٣ کەسیان ڕزگار کرد.

 

هەروەها چەند ڕۆژێک دوای داڕووخانی بیناکە تەرمی پاسەوانی باڵەخانەکەیان لە ژێر داروپەردووەکە دەرهێنا، بەڵام تەرمی دایک و منداڵێک مابوونەوە بۆ دەرهێنان.

 

شەوی ڕابردوو، بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو ژن و منداڵەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدا گیریان خواردبوو، شوێنەکەیان دیاریکراوە، بەڵام هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە و تیمەکانیان بە دەست شوێنەکە هەڵدەکەنن.

 

بەیانی ئەمڕۆ تیمەکانی بەرگری شارستانیی عێراق ڕایانگەیاند کە تەرمی ژن و منداڵەکەیان دەرهێناوە و دڵنیاییاب دا لەوەی هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردن بەردەوامن و هێشتا تەرمی پیاوێکی بەتەمەن لەژێر داروپەردووی باڵەخانە داڕماوەکەدا ماوە.