لە ٦ مانگدا ١٢ ڕۆژنامەنووس کوژراون؛ چواریان ژنن

لە ماوەی ٦ مانگی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا ١٢ ڕۆژنامەنووس کوژراون، سی پی جەی لێکۆڵینەوە لە کوژرانی سێ ڕۆژنامەنووسی دیکە دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

لەشکرکێشییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە ٢ی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێکرد، دوای ئەوەی بڕیاربوو کە ئۆکراینا ببێتە ئەندامی ناتۆ، ٢٤ی ئاب، ٦ مانگ بەسەر شەڕی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیادا تێپەڕی، شەڕ کاریگەری لەسەر هەموو بوارەکانی ئەو وڵاتە هەبوو، شارەکە بە تەواوی وێران بووە، نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکات کە یەک لەسەر سێی خەڵکی ئۆکراینا بە زۆر یاخود لە ناچاریدا ماڵەکانیان چۆڵکردووە و ئاوارەبوون، زیاتر لە پێنج هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە شەش هەزار و ٥٠٠ کەسیش برینداربوون، سەدان هەزار ئۆکراینیش ئاوارەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بوون.

 

ئەم دۆخە بۆ ڕۆژنامەنووسان مەترسیدارترە، بەو پێیەی بەردەوام لە ناوەندی شەڕەکانەوە ڕووماڵی ڕاستەوخۆی شەڕ دەکەن، ڕووسیا بێ گوێدانە یاساکان بۆردوومانی ئۆکراینا دەکات و لە زەمین و ئاسمانەوە هێرش دەکات، زیانی هێرشەکانیش جگە لە ئاوارەبوون و وێرانی، کوشتنە.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان-سی پی جەی لە ماوەی ٦ مانگی شەڕی ئۆکراینا و ڕووسیادا لانیکەم ١٢ ڕۆژنامەنووس لە ئۆکراینا کوژران و لێکۆڵینەوە لە کوژرانی ٣ ڕۆژنامەنووسی دیکە دەکات کە ئایا پەیوەندی بە کاری ڕۆژنامەگەرییەوە هەبووە لە ئۆکراینا یاخود نا.

 

لە میدیا سەربەخۆکانی ڕووسیادا دەیان ڕۆژنامەنووس بەهۆی سنوردارکردنی کارەکانیانەوە لە زێدی خۆیان هەڵهاتوون و دەیان ڕۆژنامەنووسی بێلاڕووسی دیکەش کە پێشتر لە ئەنجامی سەرکوتکردنی میدیای وڵاتەکەیان پەنایان بۆ ئۆکراینا هێنابوو، ناچار بوون جارێکی دیکە ئاوارە ببنەوە.

 

بەپێی ناوی ئەو ڕۆژنامەنووسە کوژراوانەی کە بڵاوکراونەتەوە، لە ١٢ ڕۆژنامەنووس ٤ ڕۆژنامەنووسیان ژنن کە لە ئۆکراینا کوژراون، کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسانیش داوای پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی ئۆکراینی و پەیامنێر و میدیاکارە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە بەشداری لە ڕووماڵکردنی ئەو شەڕەدا دەکەن.