تەرمی ژنێک و دوو منداڵی کۆچبەر دەگەڕێنرێنەوە بۆ باشووری کوردستان

دەزگای لوتکە ڕایگەیاند، چەند ڕۆژی داهاتوو تەرمی سێ کۆچبەر، کە ژنێک و دوو منداڵن دەگەڕێنرێنەوە بۆ باشووری کوردستان.

ناوەندی هەواڵ

 

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایگەیاند کە ڕۆژی شەممە، ٢ی تەمموز کاتژمێر  ٤:٠٥ خولەکی سەر لە ئێوارە تەرمی سێ کۆچبەری کورد لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

 

بەپێی دەزگای لوتکە سێ تەرمەکە دووانیان منداڵن بە ناوەکانی هەناسە هەژار، لەدایکبووی ٢٠١٧ و ڕێژوار ڕیبوار لەدایکبووی ٢٠١٤، یەکێکی دیکەیان ژنێکە بە ناوی ئەمیرە عوسمان، لەدایکبووی ١٩٨٩ کە سەرجەمیان دانیشتووی سلێمانین.

 

نوێنەری دەزگای لوتکە لە وڵاتی یۆنان ڕایگەیاند دوای زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر ڕووداوی ژێر ئاو کەوتنی یەختێکی کۆچبەران لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لە نزیک دوورگەی سانتۆرینی یۆنان تەرمی ئەو سێ کۆچبەرە کوردە بە چەند قۆناغێکی جیاجیا لەلایەن پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان دۆزراونەتەوە.

 

جێی بەبیرهێنانەوەیە ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لە دەریای ئیجە نزیک دوورگەی سانتۆرینی یۆنان (٢٣) کۆچبەر کە هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن بیسەروشوێن بوون، لەو کاتەدا ٧ کۆچبەر لە ڕووداوەکەدا ڕزگاریان بوو، چوار کەسیان لە بنکەی پۆلیس بوون و یەک منداڵیش لەژێر سەرپەرشتیاری خێزانێکی یۆنانیدا مایەوە و دوو کەسی دیکەیان ئازادکران، دەزگای لوتکە لە چەند هەوڵی جیاجیادا چەند کەسێکی دیکەیان لە بێسەروشوێنبووان دۆزییەوە، بڕیاریشە ٢ی تەمموز تەرمی سێ کەسی دیکە بگەڕێنرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.