قەیرانی خۆراک ڕێژەی ئاوارەیی زیاد کردووە

هۆشداری نێودەوڵەتی لەسەر جدییەتی پەیوەندییەکانی نێوان قەیرانی خۆراک و ڕێژەی ئاوارەبوون دەدرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی ململانێ و جەنگەکان بەردەوام ڕێژەی ئاوارەبوون لە زیادبووندایە، دەستپێکردنی شەڕ لە ئۆکرانیا، بە ملیۆنان کەسی ئاوارەکرد و ڕێژەکەی زیاتر بەرزکردەوە، لەگەڵ هەر ئاوارەبوونێکیشدا قەیرانی ئابوری، کۆمەڵایەتی دروستدەبێت، شەڕی ئۆکرانیا و ڕوسیا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئاوارەیدا، قەیرانی خۆراکیشی بەدوادا هات.

 

فیلیپۆ گراندی، کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوەدا کە قەیرانی ئاسایشی خۆراک، بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە، خەڵکی زیاتر پاڵ دەنێت بۆ بەجێهێشتنی ماڵەکانیان بەتایبەت لە وڵاتانی هەژاردا، ئەمەش ئاستی پەنابەری جیهانی بەرز دەکاتەوە، ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەریخستووە نزیکەی ٨٩.٣ ملیۆن کەس لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١دا لە سەرتاسەری جیهانەوە ئاوارە بوون، کە دەرئەنجامی چەوساندنەوە، ململانێی سیاسی و خراپ مامەڵەکردن و توندوتیژییە.

 

هەروەها لە دوای شەڕی ئۆکرانیا ملیۆنەها کەسی دیکە ئاوارە بوون لەناو سنوری وڵاتەکەیاندا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دانەوێڵە و قەدەغەکردنی هەناردەکردنەکان، کۆمسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشدا لەگەڵ قەیرانی خۆراکدا، شەڕ و پێشێلی مافی مرۆڤ، توندوتیژی و گۆڕانی کەشوهەوا هۆکارن بۆ زیادبوونی ئاوارەیی بەتایبەت لە ئەفریقا

 

بەپێی ڕاپۆرتێکیUNHCR  بە گشتی ژمارەی ئاوارەکان لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا ساڵانە لە زیادبووندایە، بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠١٢ەوە ژمارەی پەنابەران ٤٢.٧ ملیۆن ئاوارە زیادیکردووە.