هێزە شۆڕشگێڕە جیهانییەکان پشتیوانی کوردان دەکەن دژی دەوڵەتی تورکیا

كۆمیتەی هەماهەنگی نێودەوڵەتیی حزب و ڕێكخراوە شۆڕشگێڕەكان پشتیوانی گەلی کورد دەکەن لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیکۆر، كۆمیتەی هەماهەنگی نێودەوڵەتیی حزب و ڕێكخراوە شۆڕشگێڕەكان دوای کۆبوونەوەکانیان کە لە ١٥ی ئایاردا بە بەشداری ١٠٠ ئەندام لە ٢٥ وڵاتی جیهانەوە بەڕێوەچوو، ئەنجامنامەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا پشتیوانی خۆیان بۆ هێزە شۆڕشگێر و خەڵکی تێکۆشەری کورد ڕاگەیاند و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان شەرمەزار کرد.

 

لەو ئەنجامنامەیەدا کە بڵاوکراوتەوە هاتووە، "ئێمە بە شێوەیەكی توند ناڕەزایەتیی خۆمان دەردەبڕین دژی هێزە فاشیستەكانی دەوڵەتی تورك و دەستدرێژییان بۆ سەر باكووری سوریا و عێراق، دەستدرێژیی و هێرش بۆ سەر تێكۆشەرانی ئازادیخواز و دەستكەوتەكانی گەلی كورد بەشێوەیەكی تووند ڕیسوا و شەرمەزار دەكەین"، ئاماژەشیان بەوەدا کە دەوڵەتی تورک شەڕی ئۆكراینی کردووەتە دەرفەت بۆ هێرشکردنە سەر کوردستان.

 

هاوکات حزب و ڕێکخراوەکان لە چوارچێوەی "ئیکۆر"دا پشتیوانی خۆیان لەگەڵ هێزە شۆڕشگێڕ و خەڵکی تێکۆشەری کورددا ڕاگەیاند.