نامەیەک لە زیندانەوە؛ ژیانمان لە مەترسیدایە

زیندانیان لە زیندانی ژنانی ئامەد نامەیەکیان لەبارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤەوە نووسیوە و باسیان لەوە کردووە کە ژیانیان لە مەترسیدایە.

مەدینە مەمەدئۆغلو

 

ئامەد- دۆخی خراپی زیندانیانی ژن لە زیندانی ژنانی ئامەد بووەتە ڕۆژەڤی سەرەکی و بە ناردنە دەرەوەی نامەیەک زیندانییان باس لەوەدەکەن کە پێشێلکاری مافی مرۆڤیان بەرامبەر دەکرێت، داوای پشتگیری یاساییش دەکەن.

 

لە نامەیەکدا کە ژنانی زیندانی بۆ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئامەدیان ناردووە، باس لە کێشە و پێشێلکارییەکان دەکەن کە بەرامبەریان دەکرێت، ئاماژەیان بەوەدا کە کاتێک تاوان و سزا سەپێنراوەکان پەسەند ناکەن، لەلایەن کارمەندانی زیندانەوە ڕووبەڕووی ئەشکەنجە دەبنەوە.

 

هەر لە نامەکەدا زیندانییەکان داوایانکردووە کە پشتگیری یاساییان بۆ دەستەبەر بکرێت، دەشڵێن ئەگەرچی پەتای کۆرۆنا کۆتایی هاتووە و دەبوو ژیانیان لەناو زیندان ئاسایی بووایەتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوەیە و مافەکانیشیان پێشێل دەکرێت، "تا دێت پێشێلکاری و گۆشەگیری لەسەرمان زیاد دەکات، هەڤاڵانمان کە بەهۆی جێبەجێکردنی سزای دوو کەلەپچەوە بریندار دەبن، ناتوانن بچنە نەخۆشخانە، داواکاری سکاڵاکانمان بۆ بەدواداچوون ڕەت دەکرێنەوە. لەژێر ناوی ئاسایشی دامەزراوەییدا مافی وەرگرتنی زانیاری و ڕاگەیاندنمان لێ زەوتکراوە".

 

ئەو زیندانییانە ڕایانگەیاند کە ڕۆژنامەکانی ئیڤرەنسێل و یەنی یاشام لەژێر ناوی "قەدەغە"دا ڕیگری لێدەکرێت و ناتوانن لە خەباتی وەرزشی و کۆمەڵایەتی سود وەربگرن، "کامێرای چاودێریمان لەسەرە و ٢٤ کاتژمێر لەلایەن کارمەندانەوە چاودێری دەکرێت، ڕێگە نادرێت پێڵاو لە پێ بکەین و بە بێ پێڵاو دەمێنینەوە، بەو هۆیەوە، ماوەی چوار مانگە هیچ کۆبوونەوەیەکی کراوەمان نەبووە، چونکە بە دروشم ئیدانەی ئەم دۆخە دەکەین، لەلایەن کارمەندانەوە هەڕەشەمان لێ دەکرێت و ژیانمان لە مەترسیدایە، ئەم دۆخە لە بەڕێوەبەرایەتییەکدا پشتگوێ خراوە و لێکۆڵینەوە لە کارمەندەکانیش ناکرێت، کاتێک هەڵوێستی دیموکراتی خۆمان بەرامبەر بەو پێشێلکاریانە پیشان دەدەین، لێکۆڵینەوەی دیسپلینی دەکرێتەوە و سزامان دەدرێت".