عێراق، لە چوار مانگدا زیاتر لە ٢٠٠ حاڵەتی خۆکوشتن تۆمار کراوە

پۆلیسی کۆمەڵگەیی عێراق، ئاماری حاڵەتەکانی خۆکوشتنی لە عێراق بڵاوکردەوە کە زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە ماوەی چوار مانگدا خۆیان کوشتووە، بەوەش بە تێكڕایی لە ڕۆژێکدا سێ کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پۆلیسی کۆمەڵگەیی عێراق ئاماری حاڵەتەکانی پاڵنان بۆ خۆکوشتنی لە عێراق بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا لە ماوەی ٤ مانگدا زیاتر لە ٢٠٠ حاڵەتی خۆکوژی تۆمارکراوە، بەوەش بە تێکڕایی دەکاتە سێ کەس لە ڕۆژێکا کە پەنایان بۆ خۆکوشتن بردووە، ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە تەمەنی ئەو کەسانەی کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە زیاترینی توێژی گەنجان بوون، لە ناویاندا ژنانیش.

 

پۆلیسی کۆمەڵگەیی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو بەشێک لە حاڵەتەکانی کە بە خۆکوشتنی ژنان تۆمار کراوە، کوشتن بووە بە ناوی "شەرەف" نەک خۆکوژی، کە دواتر لە لێکۆڵینەوەکاندا ڕاستییەکەی دەرکەوتووە.

 

هۆکاری کوشتن و پاڵنان بۆ خۆکوشتن لە عێراق زۆرن، لەوانە قەیران و شەڕی بەردەوام، خراپی باری ئابوری، بێکاری، توندوتیژی خێزانی، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئالودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و چەندین هۆکاری دیکە هەن، تا دێت ڕێژەی خۆکوشتنەکانیش لە بەرزبوونەوەدایە.