ڕێکخراوە بیانی و ناوخۆییەکان: کاتی ئەوەیە جەنگ بوەستێنرێت و ژیانی هاوڵاتیان پارێزراو بێت

کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە نێونەتەوەیی، بیانی و نێودەوڵەتییەکان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا زیانی هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکیایان لە بادینان، شیلادزێ، دێرەلوک و ئامێدی خستەڕوو، داوایان کرد دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی ڕابگرێت.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن لە شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەری هاوبەندی کۆمەڵگەی مەدەنی عێراق، بە هەماهەنگی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ڕێکخراوە نێونەتەوەیی، بیانی و نێودەوڵەتییەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا داوا کرا ئۆپەراسیۆنی "چنگی – قفڵ" بووەستێنن.

 

 

بەیاننامەی هاوبەشی ڕێکخراوەکان لەلایەن جەبار عەزیز خویندرایەوە تێیدا هاتووە، لە ١٧ی نیساندا، هێزەکانی سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیان لە ناوچەکانی ئاڤاشین، زاپ و مەتینا لە قەزای ئامێدی لە کوردستانی عێراق ڕاگەیاند، لە ئێستادا هەلیکۆپتەرەکان دەفڕن بەسەر ناوچەکانی دێرەلوك و شیلادزێ و بۆمببارانی ناوچە شاخاویەکان دەکەن. چەندەها ساڵە هاوڵاتیانی ناوچەکانی سنورەکانی باکوری کوردستانی عێراق ترسیان هەیە لە هێرشی سەربازی سوپای تورکیا، پێش ئۆپەراسیۆنەکە تورکیا زیاد لە ٥٠ جار گوندەکانی شیلادزێ، دێرەلوك و کانی ماسی بۆمبباران کردووە. هەروەها چەندەها سەربازی تورکیا بە هەلیکۆپتەر نێردراون بۆ ناوچە شاخاویەکانی نێروە و ڕێکان. لەم چەند ساڵەی دواییدا دانیشتوانی ناوچەکە ڕووبەڕووی چەندەها بۆمبباران کردن بوونەتەوە کە بووەتە مایەی زەرەر و زیان، برینداربوون و مردن و هەرگیزیش قەرەبوو نەکراونەتەوە.

 

"کاتی ئەوەیە جەنگ بوەستێنرێت"

لە بەیاننامەکەدا باس لەوەکراوە بەهۆی زیانی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە کە دانیشتوانی ئەو ناوچانە ناچاردەکرێن شوێنەکانیان جێبهێڵن، "تادێت باری ئارامی و سەقامگیری گوندەکان خراپتر دەبن و ئەم دۆخەش وایکردووە مەحاڵبێت کە ژیانێکی شایستەیان هەبێت. سەرەڕای ئەمەش چەندین خێزان لە گوندەکان ماونەتەوە سەرەڕای ترس و سەختی گەیشتنیان بە خاکەکانیان بە مەبەستی کشتوکاڵکردن، بەردەوامیش فشارێکی زۆریان لەسەرە بەهۆی بۆمبباران کردنەوە".

 

سەرەڕای ئیدانەکردن، ڕێکخراوەکان داوادەکەن کە گیانی هاوڵاتیان پارێزراو بێت و کۆمەڵگەی مەدەنی چاودێری ئەو دۆخە بکەن کە لە سنورەکانی کوردستانی عێراق دەگوزەرێت، "داوا لە دەوڵەتی تورکیا دەکەین کە ڕاستەخۆ بۆمبباران کردن بووەستێنێت و حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکاری کاریگەر بگرێتەبەر بۆ زامنکردنی پارێزراوی گیانی هاوڵاتیانیان"، لە کۆتایشدا جەختیان لەوەکردەوە "لە ئۆکرانیاوە تا ئەفغانستان، یەمەن تا عێراق و چەندەها وڵاتی دیکەش، کاتی ئەوەیە جەنگ بووەستێندرێت!".

 

هاوکات بەیاننامەکە بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی خوێندرایەوە.

ڕێکخراوە نێونەتەوەیی، بیانی و نێودەوڵەتییە بەشداربووەکان:

کەمپەینی کۆتاییهێنان بە بۆردوومانەکانی سەر سنور

تیمەکانی بنیادنەرەوەی ئاشتی کۆمەڵگە- سی پی تی

دەستپێشخەری هاوبەندی کۆمەڵگەی مەدەنی عێراقی

دامەزراوەی کۆدی پەمەیی ئەمریکی

ڕێکخراوی پردێک بەرەو-ی ئیتاڵی

دامەزراوەی نێودەوڵەتی نۆڤاکت بۆ کاری ناتوندوتیژی

ژماردنی قوربانیانی جەنگی عێراق

فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی

وەرزش دژی توندوتیژی لە عێراق

ڕێکخراوی هاوسۆزی بۆ کوردستان

کۆڕبەندی کۆمەڵایەتی عێراق

پاراستنی ڕوباری دیجلە