"بە کامێراکانمان ڕاستییەکانی دەوڵەتی تورکیا ئاشکرا دەکەین"

ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی فورات بۆچوونی خۆیان بەرامبەر ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی دژی ڕۆژنامەنووسان لە باکووری کوردستان دەربڕی و ڕایانگەیاند کە بە قەڵەم و کامێراکانمان دژی دەوڵەتی تورکیا دەجەنگین و دەبینە دەنگی ڕاستی.

بەیدا عوسمان

 

کۆبانێ- دەوڵەتی تورک ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی سیاسی لە دژی ڕۆژنامەنووسان، سیاسەتمەداران، هونەرمەندان، ڕۆشنبیران و توێژەکانی کۆمەڵگە لە باکووری کوردستان ئەنجام دەدات و دەیان ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر کران کە ژمارەیەکی زۆریان ڕۆژنامەنووسی ژن بوون.

 

خەباتکارانی ڕۆژنامەگەری ئازاد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا باسیان لەو گوشارانە کرد، کە لە دژی ڕۆژنامەنووسان دەکرێت و ڕایانگەیاند، ڕاستییەکان بە هیچ فشارێک ناشاردرێنەوە.

 

"کەس ناتوانێت ڕۆژنامەگەری دیموکراتیک بێدەنگ بکات"

دیجلە ئەحمەد، سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵی هاوار-ئانها لە هەرێمی فورات ڕایگەیاند، یەکەمجار نییە دەوڵەتی تورکیا ڕۆژنامەنووسان ڕابگرێت و وتی: چەند ڕۆژێک لەمەوبەر چوار ڕۆژنامەنووس لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە باکووری کوردستان دەستگیرکراون، ئەمەش یەکەمجار نییە، ڕۆژنامەنووسان لە کاتی بوومەلەرزەکەدا و دوای هەڵبژاردنەکان دەستگیر کراون و زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان ڕاگیراون و نەخراونەتە بەردەم دادگا، نەک هەر ڕۆژنامەنووسان، زۆرێک لە سیاسەتمەداران و هونەرمەندان و ڕۆشنبیران، هەرکەسێک  خزمەتی گشتی و دژایەتی سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بکات، دەستبەسەر دەکرێت، ئەمەش بە ئامانجی کوشتنی کولتووری گەلی کورد و سەرکوتکردنی ڕاگەیاندنی ئازاد ئەنجان دەدرێت.

 

"بە قەڵەم و کامێراکانمان دەبینە دەنگی حەقیقەت"

دیجلە ئەحمەد وتیشی: سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ کوشتنی ژنان و مافەکانیان دەبێت کۆتایی پێبێت، دەوڵەتی تورکیا بە هەموو شێوەیەک هێرش دەکاتە سەر کوردستان، ڕۆژنامەنووسان تەنیا لە باکوور ناکرێنە ئامانج، بەڵکو لە ڕۆژئاواش دەکرێنە ئامانج، وەک ئەوەی شەهید عیسام، بەهۆی ئاشکراکردنی دڕندەیی تورکیا کرایە ئامانج و لە کۆبانێ و عەفرین و مەنبەجیش هەموو جۆرە هێرشێک ئەنجام دەدرێت، ڕاگەیاندنی ئازاد بە قەڵەم و کامێراکانی دژی دەوڵەتی تورکیا شەڕ دەکات و دەنگی حەقیقەت دەبێت.

 

"ئەوان ڕۆژنامەنووسان دەستگیر دەکەن بۆ ئەوەی دڕندەیی دەوڵەتی تورکیا نەزانرێت"

شیلان محەمەد، کارمەندی دەنگی ڕادیۆی کۆبانێ، لەو بارەیەوە وتی: بە درێژایی مێژووی گەلی کورد، کردەوەی دڕندەیی و جینۆساید و قڕکردن ئەنجامدراوە، وەک میدیایەکی دیموکراتیک هەمیشە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و هێرش و کێشە بووینەتەوە، بۆ ئەوەی دڕندەیی دەوڵەتی تورکی دەرنەکەوێت، ڕۆژنامەنووس دەستگیر دەکرێت، ئەمەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەنجام دەدرێت، ڕژێمی ئێران ڕۆژنامەنووسانیش دەستبەسەر دەکات بۆ ئەوەی شۆڕش بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بڵاونەبێتەوە، ئێمە وەک ڕۆژنامەنووسان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەڵێن دەدەین کە دەنگی ڕاستی گەل بە هەموو جیهاندا بڵاوبکەینەوە و خەون و خەیاڵی هاوڕێکانمان لە زیندانەکان و ئەوانەی گیانیان بەخت کردووە لە پێناو دەنگی ڕاستیدا، بهێنینە دی.