وشکەساڵی و لافاو زیان بە کێڵگەکانی بیبەرلە پایتەختی ئاسیا دەگەیەنێت
پاکستان لە پلەی چوارەمی جیهاندایە لە ڕووی بەرهەمهێنانی بیبەری سوورەوە، بەڵام بەهۆی پلەی گەرمی بەرز و لافاوەوە بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی بیبەر بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و جوتیاران ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت بوونەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
لە نزیک شارۆچکەیەکی باشووری پاکستان کە بە پایتەختی بیبەری ئاسیا ناسراوە، بەرهەمەکانی جوتیاران تا ڕادەیەکی زۆر بەهۆی کەشوهەواوە زیانیان بەرکەوتووە، سەرەتا بەهۆی گەرماوە کە پاشان باران بارینێکی زۆر دەستیپێکرد، ئەمەش وایکردووە کە زۆرێکی بەرهەمەکان وشکببنەوە بڕزێن.
ئەو لافاوانەی کە لە مانگەکانی ئاب و ئەیلولدا وێرانکارییان لە سەرانسەری پاکستاندا دروستکرد، بەهۆی چەند ساڵێک لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، جووتیارانی کێڵگەکانی بیبەر بە کێشەوە گەیاندووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە، جووتیاران و پسپۆڕان دەڵێن لە وڵاتێکدا کە زۆر پشت بە کشتوکاڵ دەبەستێت، بارودۆخی کەشوهەوای توندتر کاریگەری لەسەر ئابووری گوندنشینەکان دەدات، ئەمەش جەخت لەسەر لاوازی بەشێکی دانیشتوانی باشووری ئاسیا دەکاتەوە بۆ گۆڕانی شێوازی کەشوهەوا.
کشتوکاڵ بڕبڕەی پشتی ئابووری پاکستان پێکدەهێنێت و ئەمەش وایکردووە کە تووشی گۆڕانی کەشوهەوا بێت، بەرپرسان پێشتر زیانی لافاوەکەیان بە زیاتر لە ٤٠ ملیار دۆلار خەمڵاندووە، پاکستان لە پلەی چوارەمی جیهاندایە لە ڕووی بەرهەمهێنانی بیبەری سوورەوە، کە ١٥٠ هەزار دۆنم "٦٠ هەزار و ٧٠٠ هێکتار" کێڵگە ساڵانە ١٤٣ هەزار تۆن بەرهەمدەهێنن.
پێش لافاوەکە، پلەی گەرمی وایکردبوو کە چاندنی بیبەرەکان قورستر بێت، کە پێویستی بە بارودۆخی مامناوەندتر هەیە، ساڵانی ڕابردوو پلەکانی گەرما کەمتر بوونو بڕی پێویست باران دەباری بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا پلەی گەرمای توند و کەمی بارانبارین بەرهەمی کێڵگەکانی کەم کردوەتەوە.
لە کاتێکدا چەند مانگێک لەمەوبەر لافاو کێڵگەکانی ژێرئاوخست، جووتیارەکان بڕیاریاندا بەرهەمی لۆکە بکاتە قوربانی بۆ ئەوەی هەوڵی ڕزگارکردنی کێڵگەکی بیبەرەکانیان بدەن، لە دەوری کێڵگەکان خەندەقیان دروست کرد بۆئەوەی ئاو کۆبکاتەوەو بە پەمپ بۆ دەرەوەی کێڵگەکە بیبەن، بە لەناوچوونی کێڵگەکانی لۆکە جوتیاران توانیویانە تەنها ٪٣٠ بەرهەمەکانی بیبەر بپارێزن.
ساڵانی ڕابردوو لەم کاتەدا نزیکەی ٨ بۆ ١٠ هەزار کیسە بیبەر لە بازاڕدا هەبووە، ئەمساڵ بەزەحمەت ٢٠٠٠ کیسە لێرە هەیە و یەکەم ڕۆژی هەفتەیە تا سبەی و ڕۆژی دواتر، هێندەی تر کەمتر دەبێتەوە.