١٠ زیندانیکراو لەسێدارەدران و زیاتر لە ٢٦ی دیکە مەترسییان لەسەرە
لەماوەی دوو ڕۆژدا ١٠ زیندانیکراو لەلایەن ڕژێمی ئێران لەسێدارەدران و بەلایەنی کەم ٢٦ دەستگیرکراوی دیکەش مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
ناوەندی هەواڵ
لە ماوەی کەمتر لە دوو ڕۆژدا ڕژێمی ئیسلامی ئێران بەلایەنی کەم ١٠ زیندانی لە زیندانەکانی ڕەجایی شەهر و ئەراک لەسێدارەداوە، تۆمەتەکانی سەر تۆمەتباران بە کوشتن و تاوانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان ڕاگەیاندرا.
لەلایەکی دیکەوە، بەلایەنی کەمەوە ١١ خۆپیشاندەری دەستگیرکراو لەکاتی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکەی ئێران سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و ١٥ کەسی دیکەش تۆمەتبارکراون بەو تاوانانەی کە دەتوانن سزای لەسێدارەدانیان بۆ بسەپێنن.
سەرەڕای ئەوەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران چەند ساڵێکە کار بۆ نەهێشتنی سزای لەسێدارەدان دەکەن، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی دروستکردنی ترس و تیرۆرکردن و کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان، دوو لە دەستگیرکراوانی ئەم دواییەی لە کاتی دادگاییکردنی "هەڵبەستراو" بە ناوی موحسین شیکاری و مەجید ڕەزا ڕەهنەوەرد بە تۆمەتی "تێکدەری" لەسێدارەداوە.