فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ٩ ڕۆژنامەنووس دەرچوو

٩ ڕۆژنامەنووس کە لە چوارچێوەی پاکتاوی سیاسی لە ئەنقەرە دەستبەسەر کرابوون، بە تۆمەتی دروستکردنی هەواڵ و بڵاوکردنەوەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بریاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

لە تورکیا فشارەکان لەسەر ڕۆژنامەنووسانی ئۆپۆزسیۆن بە دەستی دەسەڵاتی دادوەری بەردەوامە و لە چوارچێوەی پاکتاوی سیاسی و لێکۆڵینەوەکان لە ئەنقەرە، بەڕێوەبەری پەخشی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، دیرەن یورتسەڤەر، پەیامنێرانی ئاژانسەکە بێریڤان ئاڵتان، دەنیز نازلیم، سەلمان گوزەلیوز، هاکان یالچین، جەیلان شاهینلی، ئیمروڵا ئاکار و پەیامنێرانی ئاژانسی ژن نیوز حەبیبە ئەرەن، ئۆزنور دەگەر و محەمەد گونهان، کە ماوەیەک لە ئۆفیسی ئەنقەرەی ئاژانسی میزۆپۆتامیا ڕاهێنانیان کردبوو، دەستبەسەرکران و ماوەی ٤ ڕۆژ هێڵدرانەوە، دوێنێ، ٢٨ی تشرینی یەکەم، ڕەوانەی دادگای ئەنقەرە کران و چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەنووسان تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو.

 

هەواڵەکانیان بووە بیانووی تاوانبار کردنیان

ئەو هەواڵانەی ڕۆژنامەنووسان ئامادەیان کردووە و لە میدیا دەرەکی و ناوخۆییەکانی خۆیاندا بڵاویان کردووەتەوە بووەتە بیانووی تۆمەتبار کردنیان.

 

داواکاری گشتی دوای ٥ کاتژمێر بڕیاری دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان، دیرەن یۆرتسەڤەر، بێریڤان ئاڵتان، دەنیز نازلیم، سەلمان گوزلیوز، هاکان یالچین، جەیلان شینلی، ئیمروڵا ئاکار و پەیامنێرانی ژن نیوز حەبیبە ئەرەن، ئۆزنور دەگەری بۆ دادگا ڕەوانەکرد و دواتر دادگا بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە ڕێکخراودا" بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکردن.

 

محەمەد گونهان کە ماوەیەک لە ئاژانسی میزۆپۆتامیا ڕاهێنانی کردووە، بە مەرجی کۆنترۆڵی دادوەری بڕیاری قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە وڵات ئازاد کرا.

 

ئەو خێزان و ڕۆژنامەنووسانەی لەبەردەم دادگا وەستابوون، بە دروشمی "ناتوانرێت ڕۆژنامەگەری ئازاد بێدەنگ بکرێت" بڕیاری دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەیان ئیدانە کرد.