بەیان سەلمان بۆ ناگیهان ئاکارسەل؛ ژنێک سنووری کوردستانی تێپەڕاند بوو

بەیان سەلمان، نووسەر لەبارەی ناگیهان ئاکارسەلەوە دەڵێت: ژنێکی وەک ناگیهان خەزێنەیەکی ئاکادیمی، کۆمەڵایەتی، زانستی بوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ناگیهان ئەکارسەل، ڕۆژنامەنووس و تێکۆشەر، لە ماوەی ژیانیدا زۆرترین کاری لە بواری ژنان و مێژوو و شوناس و هەبوونی ژناندا کردووە، هەر لەو پێناوەشدا بێ گوێدانە سنورەکان لە کوردستان و جیهاندا خۆی گەیاندووەتە ژنان و پەیوەندی هزری و تێکۆشانی لەگەڵدا بەستوون، تێکۆشاون و لەپێناو بڵاوکردنەوەی زانستی ژن-ژنۆلۆژیدا بێوچان لە ڕێدا بوو.

 

سەرەنجام لە ٤ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، بە دەستی ڕەشی میت و سیخوڕی لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی، ناگیهان ئاکارسەل شەهید کرا و لەدوای خۆی میراسێکی گرنگی بۆ ژنان بەجێهێشت.

 

لەدوای شەهیدکردنی ناگیهان ژنان هەڵوێستی خۆیان دژی تیرۆرکردنی شەهید ناگیهان و هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخی باشووری کوردستان کرد، بەیان سەلمان، نووسەر لەو بارەیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لەبارەی ناگیهانەوە دەنووسێت.

 

بەیان سەلمان وەها دەنووسێت: "دەبێت لە پێش هەموو وتەیەک بپرسین: بۆ لە هەموو شوێنێکی جیهان، گرتن و سەرنوگمکردن و تیرۆرکردنی مرۆڤی کورد هێندە ئاسانە؟

 

وێڕای ئەوەی هیچ نهێنییەک لە ئارادا نییە، بەڵام تیرۆرکردنی ناگیهان لەناو خاکی کوردستان نیشانەیەکە کە مرۆڤ لە دنیای ئەمڕۆدا چیتر ناتوانێت لە دۆخێکی ئاسایشدا بژی. ژنێکی وەک ناگیهان خەزێنەیەکی ئاکادیمی، کۆمەڵایەتی، زانستی بوو. تێکۆشەرێکی بێوچان بوو بۆ پێشخستنی فیکری ژن و دۆزینەوەی پێگەیەکی زانستی هزری کە شایەن بێت بە ژنی جیهان و ژنی کورد بەتایبەتی.

 

بێگومان بەخۆڕایی دەستی لێ نەکراوەتەوە! بۆ خامۆشکردنی ئەو وزەیە و دەمکوتکردنی مرۆڤی چالاک و خۆبەخش و نیشتیمانپەروەرە. ئەو ژنە پەناهەندەیەکە ئەو لانە کوردە بوو، بەڵام بە چالاکی و تێکۆشانی سنوورەکانی بڕی بوو. تیرۆرکردنی ئەو، تیرۆری خەونی گەشەکردن و پێشکەوتنخوازیی و وەپێشوونی هەموو مرۆڤێکە کە چاوی هەمیشە لە ڕووناکییە. ئەگەر وەک هەموو تیرۆرێکی تری مرۆڤ کوردی، ئەمڕۆش ئاشکرا نەبێت، سبەی هەر ئاشکرا دەبێت".