ئەنجومەنی ژنانی هەورامان؛ پێویستە جیهان بێتە دەنگ

ئەنجومەنی ژنانی هەورامان، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک سەبارەت بە کوژرانی شلێر ڕەسوڵی، داوای دادگاییکردن و سزادانی دەستدرێژکارەکەیان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ناڕەزایەتییەکان لەبارەی دەستدرێژیکردنە سەر شلێر ڕەسوڵی ٣٦ ساڵان و خۆفڕێدانە خوارەوەی لە نهۆمی دووەمی ماڵەوە و گیان لەدەستدانی تادێت زیاد دەکات و ژنان ئاماژە بە نەبوونی ئاسایش و پاراستنی ژنان دەکەن، لەوبارەیەوە ئەنجومەنی ژنانی هەورامان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک داوای هاتنە دەنگی جیهان دەکەن.

 

دەقی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ژنانی هەورامان؛

هەروەک هەموان ئاگادارن، خاتوو شلێر ڕەسوڵی ٣٦ ساڵان، خەڵکی شاری مەریوان، خێزاندار و دایکی دوو منداڵ، نیوەشەوی ٣ی مانگ لەلایەن پیاوێکی هاوسێیانەوە بە بیانووی نەخۆشبوونی هاوسەرەکەی و یارمەتیدانی، بەکێش دەکرێتە ناو ماڵی پیاوە بە تەمای دەسدرێژیکردنە سەری بە زۆری چەک. هەربۆیەش خاتوو شلێر بەهۆی داخرانی دەرگای ماڵەکە لەلایەن پیاوەکەوە، توانایی ڕاکردنی نابێت و بەناچار لە پەنجەرەی ماڵەکەوە خۆهەڵدەداتە خوار و بەوهۆیەوە دوای ٥ ڕۆژ بەربەرەکانی لەگەڵ مەرگ، ڕۆژی ٨ی مانگ لە نەخۆشخانەی شاری سنە گیانی لەدەستدا.

 

ئێمە وەک ڕێکخراوی ژنانی هەورامان سەرەڕای ئیدانە و شەرمەزارکردنی ئەو کردەوه قێزەون و نامرۆڤانەیە، داوا لە تەواوی ناوەندە حکومی و پێوەندیدارەکان دەکەین کە تاوانبار دادگایی بکەن و بە سزای تاوانەکەی بگەیەنن. هەروەها لە تەواوی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە ناوخۆی ئێران و کوردستان و تەنانەت جیهانیش داوا دەکەین کە لەسەر ئەو کردەوە قێزەونە بێنەدەنگ و لە ئاست زوڵم و زۆری لەڕادەبەدەری سەر ژنان بێدەنگ نەوەستن.

 

باسکردن لە ڕادەی زوڵم و ستەمی سەر ژنان لە کوردستان و گەڕان بە شوێن هۆکارەکانیدا باسێکە تێروتەسەل کە ورووژاندنی لێرەدا ئەستەمە. بەڵام ئەوەی کە ئێستاکە گرنگە هەڵوێستەی لەسەر بکرێت، ئەوەیە کە دەبێ سنوورێک بۆ ئەو هەموو توندوتیژی و زوڵم و زۆر و ترس و تۆقینەی سەر ژنان دابندرێت و ئاسایش و ئەمنی کۆمەڵایەتی ژنان بپارێزرێت.

 

ئێمە ڕێکخراوی ژنانی هەورامان ئەوپەڕی تووڕەیی و بێزاری خۆمان لە ئاست ئەو کارە و کردەوە قێزەونەکانی هاوشێوە ڕادەگەیەنین و ئەوەی بۆ ڕاگرتن و سنووردارکردنی ئەو ڕەوتە توندوتیژییە لە دەستمان بێت، درێغی ناکەین، ڕۆحی پاکی خاتوو شلێر ئاسوودە بێت و هیوای سەبووری و دڵئارامی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری دەخوازین.