بە ڕووخانی باڵەخانەیەک لە ئابادان خۆپیشاندان دەستیپێکرد

ڕووخانی باڵەخانەیەکی ١٠ نهۆمی لە شاری ئابادانی ئێران ناڕەزایەتی لێکەوتەوە و خۆپیشاندان دەستیپێکرد، خۆپیشاندەران داوای ئاشکراکردنی هۆکاری ڕووخان و بە سزا گەیاندنی تۆمەتباران دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٢ باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری ئابادان لە وڵاتی ئێران داڕما و بەهۆیەوە ١٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٧ کەسیش برینداربوون، وه‌زیری ناوخۆی ئێران دوای سێ ڕۆژ له‌ ڕووخانی باڵەخانەکە ڕایگه‌یاند، كه‌ ڕه‌نگه‌ ژماره‌ی قوربانییەکان زیاتر ببن.

 

ڕووخانی باڵەخانەکە خۆپیشاندانی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا و داوایانکرد هۆکاری داڕووخانی بیناکە ئاشکرا بکرێت و لەسەر ڕووداوەکە کەسانی تۆمەتبار دەستگیر بکرێن،

 

خۆپیشاندەران دروشمی "کاتێک شۆڕشمان کرد هەڵەمان کرد"یان دەوتەوە و داوای دەست لەکارکێشانەوەی پارێزگار و بەرپرسانی شاری ئابادان دەکەن، کە تاوەکو ئێستاش نەیانتوانیوە بەشێکی زۆری پاشماوەی تاوەرەکە ڕووخاوەکە پاک بکەنەوە.

 

پێشتر دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای خوزستان ڕایگەیاندبوو، کە کەسێکیان بەناوی عەبدولباقی دەستگیرکراوە، کە خاوەن و سەرپەرشتیاری پرۆژە نیشتەجێبوونەکە بووە، بەڵام دواتر ناسنامەی ئەو کەسەیان ڕاگەیاندووە کە لە ڕووخانی تاوەرەکەدا گیانی لەدەستداوە، خۆپیشاندەرانیش دروشمی "عەبدولباقی نەمردووە/ درۆ دەکات، درۆ دەکات" دەوتەوە.

 

تا ئێستا هۆکاری ڕووخانی ئەو باڵەخانەیە بە فەرمیی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام پەیمانگای توێژینەوەی ئەندازیاریی لە پەیمانگای نێودەوڵەتیی بومەلەرزەزانی و ئەندازیاری بومەلەرزە ڕایگەیاندووە، هۆکارەکەیان گەڕاندووەتەوە بۆ پتشگوێخستنی سیستمی ئەندازیاریی لە دروستکردنی باڵەخانەکە و نەبوونی چاودێریی پێویستی شارەوانیی بەسەر پرۆژەکەوە.