ئەو پیاوەی ١٥ چەقۆی لە هاوژینەکەیدا، دەستگیر کرا

شەوی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانی ئەو پیاوەیان دەستگیر کرد کە لە شەوی ٥ لەسەر ٦ی ئایار لە گەڕەکی زەرگەتەی شاری سلێمانی نزیکەی ١٥ چەقۆی لە هاوژینەکەیدا و برینداری کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانی ئەو پیاوەیان دەستگیر کرد کە شەوی ٥ لەسەر ٦ی ئایار لە گەڕەکی زەرگەتەی شاری سلێمانی، نزیکەی ١٥ چەقۆی لە هاوژینەکەیدا و برینداری کرد، بەپێی وتەی ژنەکە ئەو پیاوە پێشتریش چەندین تاوانی بەرامبەر بە ژنانی دیکە ئەنجامداوە و سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە، بەڵام ئازاد کراوە.

 

ئاشتی عەبدوڵا، بەرپرسی بەشی جێندەر لە نوسینگەی جێگری سەرۆکی حوکمەت ڕایگەیاند، کە شەوی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانی ئەو پیاوەیان دەستگیر کرد کە هاوژینەکەی بە نزیکەی ١٥ چەقۆ بریندار کرد، هەروەها ئاشتی عەبدوڵا باسی لەوەشکردووە کە هێزە ئەمنییەکانی هەریمی کوردستان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بکوژی ئەو دوو ژنەیان دەستگیرکردووە کە لە هەولێر و دهۆک کوژرابوون.

 

بەپێی ئامارەکانی حاڵەتەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە مانگەکانی ڕابردوودا لە باشوری کوردستان، ژنان ڕووبەڕووی چەندین هێرش و توندوتیژی و کوشتن و ناچار بە خۆکوشتن بوونەتەوە، بەڵام تا ئێستا تاوانباران بە سزای خۆیان نەگەیشتوون و تا بێت حاڵەتەکان ڕوو لە هەڵکشانە.