زیاتر لە ٤٤ پارێزەر لە ئێران لە دوای دروستبوونی ناڕەزایەتییەکانەوە دەستگیرکراون

لە سەرەتای دەستپێکردنی ڕاپەڕینی جەماوەری لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، زیاتر لە ٤٤ پارێزەر دەستبەسەر کراون کە ١٥یان پارێزەری ژنن.

ناوەندی هەواڵ

 

دەسەڵاتدارانی ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری وڵات لانیکەم ٤٤ پارێزەریان دەستبەسەر کردووە.

بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، لەنێو ئەو ٤٤ پارێزەرەی لە ماوەی سێ مانگدا دەستگیرکراون، لانیکەم ١٥ پارێزەری ژن هەن، لەکاتێکدا ٢٠ پارێزەر تەنها بە کەفالەت ئازادکراون.

 

ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە دوو پارێزەر حوکمیان بەسەردا سەپێنراوە، لەوانە پارێزەر نێکین کایانی، کە سزای ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێنراوە و دەرچوونی وڵاتەکەی لێ قەدەغە کراوە.

 

نێکین کایانی، پارێزەری خەڵکی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو دەستگیرکرا.

 

هەروەها پارێزەر و جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پارێزەرانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، سینا یوسفی، سزای شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و بۆ ماوەی دوو ساڵ بەجێهێشتنی وڵاتەکەی قەدەغەکرا.