پێنج خۆراک تەندروستی چاوەکان دەپارێزێت

وێڕای چارەسەرە پزیشکییەکان، پێکهاتە خۆراکییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان بۆ تەندروستی چاو هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

پسپۆڕانی تەندروستی ئاماژەیان بەوەداوە، لە کاتێکدا بەکارهێنانی بەردەوامی قەترەی چاو و چاویلکەی خۆر باشترینە بۆ پاراستنی چاو، بەڵام پێکهاتەی ژەمە خۆراکییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە پاراستنی تەندروستی چاو هەیە.

 

سەوزەواتەکان، بەشێکی زۆری سەوزەواتەکان وەک سپێناخ، دەوڵەمەندن بە مادەی لوتین و زیاکسانتین، دژە ئۆکسێنەریان تێدایە و تۆڕی چاو دەپارێزن، خانە تەندروستەکانی ناو چاوەکان لە تیشکی شینی زیانبەخشی خۆر دەپارێزێت.

 

توێژینەوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو خۆراکانەی کە ئەم دوو دژە ئۆکسێنەرەیان زۆرە، مەترسی تووشبوون بە ئاوی سپی چاو بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.

 

ماسی، ماسی پڕ چەوری وەک سەلەمون، تونە و ماکرێل ڕێژەیەکی زۆر ترشە چەوری ئۆمیگا ٣یان تێدایە کە ماددە خۆراکییە گرنگەکانن بۆ تەندروستی چاو.

 

هەروەها خواردنی بەردەوامی ماسی چەور دەتوانێت مەترسی تووشبوون بە تەڵخی و وشکبوونەوەی چاو کەم بکاتەوە، یارمەتی پاراستنی تەندروستی گشتی چاو بدات.

 

گوێز و تۆوە سروشتییەکان، بادەم، گوێز، تۆوی کەتان، تۆوی چیا و تۆوی گوڵەبەڕۆژە باشترینن بۆ تەندروستی چاو، چونکە پڕن لە ڤیتامین E، ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ خاوکردنەوەی توشبوون بە ئاوی سپی چاو و تەڵخبوونی.

 

هێلکە، یەکێکە لە باشترین خۆراکەکان بۆ چاوەکانت، زەردێنەکان سەرچاوەیەکی نایابی لوتین و زیاکسانتینن، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی چاو وەک ئاوی سپی چاو و تەڵخی کەم بکاتەوە.

 

میوە و سەوزەی ڕەنگی پرتەقاڵی، گێزەر، پەتاتەی شیرین و قەیسی سوودێکی تەندروستی زۆر باشیان بۆ چاو هەیە، پسپۆڕان پێشنیاری زیادکردنی بۆ ناو ژەمە خۆراکییەکان دەکەن.

 

ئەم خۆراکانە ڕێژەیەکی زۆر لە جۆری بیتا کارۆتینیان تێدایە کە جۆرێکە لە ڤیتامین A کە یارمەتی پاراستنی بینینێکی باش دەدات و بەرەنگاربوونەوەی هەوکردنی چاو و ڕێگری لە شەوکوێربوون دەکات.