"دەبێت ترس و بێدەنگی لە بەرامبەر توندوتیژی دیجیتاڵیدا بشکێنرێت"
نزیکەی یەک ملیۆن و نیو ژنی مەغریبی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی و ناوزڕاندنی دیجیتاڵی دەبنەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی دەروونی کە ساڵانێک درێژە دەکێشیت و لە ترسی دیدگای کۆمەڵگە ژنان بێدەنگ دەبن.
حەنان حارت
مەغریب- توندوتیژی دیجیتاڵی دژ بە ژنان و کچان لە هەموو جیهاندا زیاتر دەبێت، لە سەردەمی ئێستادا توندوتیژی دیجیتاڵی بە یەکێک لە مەترسیدارترین ڕێگاکان پێناسە دەکرێت و چالاکییەکانی هۆشیاری لەم بابەتەدا زیاتر دەبن.
شەیما ئەبلاق، ئەندامی کۆمەڵەی هاوڵاتیبوون و یەکسانی و دەروونناس سەبارەت بە توندوتیژی دیجیتاڵی و دەرئەنجامەکانی و ڕێگاکانی پاراستنی ئاماژەی بەوەدا کە توندوتیژی و هەراسانکردن بەرامبەر بە ژنان لە دیجیتاڵ میدیادا زیاتر دەبێت و یەکێکە لە مەترسیدارترین جۆرەکانی توندوتیژ، چونکە توندوتیژی دیجیتاڵی دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان ڕووبەڕووی کێشەی دەروونی و زەبر و زەنگ ببنەوە و خەمۆکی بەدوادا دێت.
هەروەها باسی لەوەشکرد، ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە دەرفەتێکە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان، چونکە بەپێی داتای فەرمی توندوتیژی دژی ژنان ڕوو لە زیادبوون دەکات و بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە، ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار ژنی مەغریبی ڕووبەڕووی توندوتیژی دیجیتاڵی بوونەتەوە.
هەراسانکاران پیاوانن
شەیما ئەبلاق ئاماژەی بەوەدا کە کۆمەڵەکەیان بە تایبەتی کاریان لەسەر توندوتیژی دیجیتاڵی کردووە، وتیشی: زۆر شت لە دیجیتاڵ میدیادا ئەنجام دەدرێت، لە سووکایەتیکردنەوە تا هاوبەشکردنی وێنەی تایبەت، ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دیجیتاڵی بوونەتەوە ڕوو لە کۆمەڵەکەمان دەکەن، ئێمە پاڵپشتی دەروونی و یاسایییان بۆ دابین دەکەین. هێرشبەران زیاتر پیاون، ئەم پیاوانە یان هاوژیانی پێشوو، یان کەسانی پەلە دوو و خزم و کەسی نزیکن.
"دەبێت بێدەنگی بشکێنرێت"
شەیما ئەبلاق ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ زیادبوونی تەکنەلۆژیا و پەیوەستبوون پێیانەوە، توندوتیژی دیجیتاڵی زیادی کردووە و گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و دەشڵێت: زۆر کەس چونکە پەروەردەیەکی باشیان وەرنەگرتووە و زانیارییەکی کەمیان هەیە، ئاگاداری ئەوە نین کە سووکایەتیکردن لە یاسادا تاوانە و سزای هەیە، بۆیە بێدەنگ دەبن، بۆیە پێش هەموو شت پێویستە بەربەستەکانی ترس لاببرێن و گرنگی ئاگادارکردنەوەی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان و ڕێوشوێنەکانی بەپێی ئەو گرنگییە بدرێت، هەروەها هۆشیاری زیاتر بکرێت و ڕێز لە تایبەتمەندی خەڵک نیشان بدرێت، پێویستە زۆرێک لە ژنان ڕووبەڕووی کاریگەرییەکانی توندوتیژی دیجیتاڵی و شتە پەیوەندیدارەکانی ژیان ببنەوە، چونکە تا ئەمە ڕوونەدات، لە ڕووی دەروونییەوە باش نابن.
هەڕەشەکە بەرەوڕوو بووەوە
سەمیرە یەکێکە لەو کەسانەی کە لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی یان نامەی کورتەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە، سەمیرە باس لەوە دەکات کە ماوەی پێنج ساڵە لەگەڵ ئەو توندوتیژییە خەبات دەکات و دەڵێت: بە بڵاوکردنەوەی وێنەکانم لە دیجیتاڵ میدیا هەڕەشەم لێکرا، تا ئێستاش بەسەر ئەو زەبر و زەنگە و باری دەروونی خراپەدا زاڵ نەبووم، ئەمەش کاتێک روویدا کە بڕیاری جیابوونەوەم لە خۆشەویستەکە، دا، توندوتیژی بەرامبەرم دەستیپێکردووە و هێندە ترسام بیرم لەوە کردەوە خۆم بکوژم، بەهۆی هاوڕێکانمەوە لەم کێشەیە ڕزگارم بوو.